چۆمان.. فێستیڤاڵی سەر بەفر ساز دەکرێت
لەژێر چاودێری قایمقامی قەزای چۆمان، بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری چۆمان و (Vik Group) سێیەمین فێستیڤاڵی سەر بەفر لە دەڤەری باڵەکایەتی ساز دەکرێت.
ھونەر کاک ئەحمەد، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری چۆمان، ب راگەیاند: "بڕیارە کاتژمێر 2:00 دوای نیوەڕۆی رۆژی شەممە 3/2/2018، لەژێر چاودێری قایمقامی قەزای چۆمان، بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری چۆمان و (Vik Group) سێیەمین فێستیڤاڵی سەر بەفر لە کوێستانی (پرژە) دەڤەری باڵەکایەتی سنووری شارۆچکەی چۆمان بەڕێوە بچێت".
بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری چۆمان، ئەوەشی خستە روو، کە بۆ ئەو مەبەستە کە حەوت یاریزانی نێودەوڵەتی لە ئەمەریکا و ئەوروپا بۆ کوردستان ھاتوون، ھەروەھا تیمی سکی پێنجوێن و چۆمانیش بەشداری فێستیڤاڵەکەن و دەیانەوێت ئەو یارییە سەرکێشییە لە ناوخۆشدا ھەبێت و لە ساڵانی داھاتوو بتوانن سوود لە توانای یاریزانانی ناوەخۆ وەربگرن.
ئاشکراشی کرد، کە ئەو شوێنەی کە فیستیڤاڵەکەی لێ بەڕێوەدەچێت، واتە بەرزاییەکانی ھاوینەھەواری پرژە، ئێستا زیاتر لە مەترێک بەفری لێ باریوە.
ھاوکات (پرژە) یەکێکە لە ناوچە کوێستان و شاخاویەکانی دەڤەری باڵەکایەت لە سنووری شارۆچکەی چۆمان، بە دووری 150 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری رۆژھەڵاتی شاری ھەولێر، ساڵانە لەسەر ئاستی عێراق و باشووری کوردستان زۆرترین بەفری لێدەبارێت و ھەر چوار وەرزی ساڵ بەفری لێ دەمێنێت.
bas news-
