محەمەدی حاجی مەحموود: هەوڵ دەدرێ هەڵبژاردنەکانی کوردستان دوابخرێ
محەمەدی حاجی مەحموود، سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، ڕای گەیاند، کەرکووک لە کوردستان دانابڕێت، ڕاستە بەھۆی ڕیفراندۆمەوە سوپای عێراق پەلاماری کەرکووکی دا و ئێمە ئەو شارەمان دۆڕاند، دەتوانین لە شەڕێکی دیکەدا کەرکووک بگرینەوە، بەڵام گرنگ ئەوەیە لە شتی سیاسی و جەماوەریدا ئەو شارە نەدۆڕاوە و لە پڕۆسەی ڕیفراندۆمدا ئێمە لە 80٪ی دەنگەکانمان بردووەتەوە.
سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان گوتیشی: "ئێمە خۆمان بە قەرزاری کوردستان دەزانین، بێگومان تاکوو دڵۆپێک خوێن لە جەستەمدا بیت، پارێزگاری و پشتیوانی لە ھەر بستە خاکی ئەم کوردستانە دەکەم، چونکە کوردستانی خۆمان لە ھەموو شتێک بە گرنگتر دەزانین، ھەروەھا ئەگەر خاکی کوردستان بەلای ئێمەوە گرنگ نەبوایە، ھەموو ڕۆژێک یاریمان لەگەڵ مەرگی خۆمان نەدەکرد".
ئاماژەی بەوەش دا: "عەبادی لەپێناو بەرژەوەندیی خۆی دژایەتیی ھەرێمی کوردستان دەکات، چونکە ھەر کەسێک لە بەغدا دژایەتیی گەلی کورد بکات، بێگومان بۆ ھەڵبژاردنەکان پێگەی جەماوەری بەھێز دەبێت و کورسییەکانی زیاد دەکات".
دەربارەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان، محەمەدی حاجی مەحمود ڕای گەیاند، ھەوڵی دواخستی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەدرێت و ئەوەندەی من ئاگادار بم ھەڵبژاردنەکان بۆ مانگی ٩ی ئەمساڵ دوا دەخرێن".
باسنيوز
