بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک ئاگادارییەکی بڵاو کردەوە
بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک ئاگادارییەک لە مەڕ تاقیکردنەوەی قوتابییە ئاوارەکان بڵاو دەکاتەوە.
شێرزاد ڕەشید، بەڕێوەبەری خوێندنی بەشی کوردی لە کەرکووک، لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، ڕای گەیاند: "ئاگاداری گشت قوتابیانی خوێندنی کوردی (کەرکووک) لە پۆلەکانی شەشەمی ئامادەیی بە ھەردوو بەشی زانستی و وێژەیی (وەزاری) و پۆلی سێیەمی ناوەندی (وەزاری) و شەشەمی سەرەتایی (وەزاری) دەکەینەوە".
بەڕێوەبەری خوێندنی بەشی کوردی لە کەرکووک، ئەوەشی خستووەتەڕو، کە ئەو قوتابیانەی کە لەکاتی ئێستا ئاوارەی شارەکانی ھەرێمی کوردستان بوونە، ئارەزوویان ھەیە بە سیستەمی تاقیکردنەوەکانی وەزارەتی پەروەردەی عێراقی فیدڕاڵ تاقیکردنەوەی وەزاری کۆتایی ساڵ (2017-2018) ئەنجام بدەن لە شارەکانی کە لەکاتی ئێستا تێیدا نیشتەجێبونە، داوایان لێدەکەن کە بەپەلە و بێ دواکەوتن بۆ تۆماکردنی ناوەکانیان، سەردانی بەڕێوبەرایەتیی خوێندنی کوردی لە شاری کەرکووک بکەن".
ئەوەشی روون کردووەتەوە، کە دوا مۆڵەت بۆ تۆمارکردنی ناوەکان ڕۆژی دووشەممە ڕێککەوتی 5/2/2018ە.
bas news-
