یەپەگە: ڕژێمی سووریا هۆكاری لەشكركێشی توركیایە بۆ سەر عەفرین
ئەمڕۆ چوارشەممە بەرپرسێكی یەپەگە رایگەیاند ئەوان بە هیچ شێوەیەك ئامادە نین عەفرین رادەستی ڕژێمی سووریا بكەن، لەبەر ئەوەشە توركیا هێرش دەكاتە سەر عەفرین. گوتیشی بەڵام داوای یارمەتییان لە ڕژێم كردووە.
هێڤی مستەفا هاوسەرۆكی ئەنجوومەنی جێبەجێكاری شاری عەفرینی رۆژئاوای كوردستان بۆ ئاژانسی هەواڵی "سپۆتنیك"ی رووسی، دووپاتی كردەوە ئەوان داوایان لە ڕژێمی سووریا كردووە بەشداری بكات لە بەرگریكردن لە شاری عەفرین بەرانبەر لەشكركێشی سووریا.
هێڤی گوتی "یەپەگە بە هیچ شێوەیەك دانوستاندنی لەگەڵ رووسیا نەكردووە لەبارەی رادەستكردنەوەی عەفرین بە ڕژێمی سووریا، ئەم دەنگۆیانەی لەمبارەیەوە بڵاوكراونەتەوە، هیچی راست نین، بەڵكو هێرشەكەی ئێستەی توركیاش بەهۆی ڕژێمی سووریاوەیە، كە ئێمە ئامادە نەبووین عەفرینی رادەست بكەین".
ئاماژەشی بەوە دا كە ئەوان نایانەوێ خاكی سووریا دابەش بكەن، بەڵكو شەش ساڵە بەرگری لە یەكپارچەیی سووریا دەكەن و عەفرین بەشێكە لە سووریا، بۆیە داوای هاوكاری لە بەرپرسانی سووریا دەكەن.
توركیا و میلیشیا عەرەبی و توركمانیەكانی "جەیشی حور"ی سووریا لە رۆژی 20ی ئەم مانگەوە هێرشێكی فرەوانیان بۆ سەر شاری عەفرینی رۆژئاوای كوردستان دەستپێكردووە.
bas news-
