نووسینگه‌ی جێگری سه‌رۆكی پارتی له‌گه‌ڵ سکرتاریەتیی یەکێتیی لاوان کۆبوویەوە

نووسینگه‌ی جێگری سه‌رۆكی پارتی له‌گه‌ڵ سکرتاریەتیی یەکێتیی لاوان کۆبوویەوە
نووسینگەی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ لەگەڵ مەکتەبی سکرتاریەتیی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان کۆبوویەوە و هه‌وڵه‌كان بۆ زیاتر كاراكردنی ئۆرگانه‌كانی یەکێتیی لاوان و گه‌یاندنی خزمه‌تی زیاتر به‌ توێژی لاوان و ئه‌و به‌رنامه‌و پلانانه‌ی كه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ كاری له‌ سه‌ر ده‌كرێت خرایە بەرباسەوە.

پێشنیوەڕۆی ئه‌مڕۆ جوارشه‌ممه‌ 31/1/2018 نووسینگه‌ی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ مه‌كته‌بی سكرتاریه‌تی یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان كۆبووه‌وه‌. كه‌ به‌ یاوه‌ری ساسان عەونی ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی و به‌رپرسی ده‌سته‌ی رێكخراوه‌ جه‌ماوه‌ری و پیشه‌ییه‌كانی پارتی سه‌ردانی نووسینگه‌ی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانیان كردبوو.

سه‌ره‌تای كۆبووه‌نه‌وه‌ ساسان عونی به‌رپرسی ده‌سته‌ی ریكخراوه‌ جه‌ماوه‌ری و پیشه‌ییه‌كان له‌ سالوه‌گه‌ڕی شه‌هیدی سه‌ركرده‌ ئیدریس بارزانیدا تیشكی خسته‌ سه‌ر خه‌بات و تێكۆشانی سه‌ركرده‌ی دیاری گه‌له‌كه‌مان و خه‌مخۆری و كاریزما و رۆلی به‌رچاوی له‌ خه‌بات و تێكۆشانی گه‌له‌كه‌ماندا له‌ پێناو ئازادی و سه‌ربه‌رزیدا كه‌ شه‌هیدی سه‌ركرده‌ ئیدریس بارزانی ته‌واوی ژیانی خۆی له‌ پێناویدا دا.

ئاماژه‌شی به‌ رۆڵی شه‌هید ئیدریس بارزانی کرد له‌ یه‌كڕیزی و ته‌بایی و كۆكردنه‌‌وه‌ی مالی كورد و نزیكردنه‌وه‌ی هێزولایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و به‌یه‌كه‌وه‌ كاركردن له‌ پێناو سه‌رفرازیدا .

پاشان كورته‌یه‌كی له‌ كاری رێكخراوه‌یی و پیشه‌یی خسته‌ڕوو ئینجا تیشكی خسته‌ سه‌ر كارووچالاكیه‌كانی یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان و هه‌وڵه‌كان بۆ زیاتر كاراكردنی ئۆرگانه‌كانیان و گه‌یاندنی خزمه‌تی زیاتر به‌ توێژی لاوان و ئه‌و به‌رنامه‌و پلانانه‌ی كه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ كاری له‌ سه‌ر ده‌كرێت .

پاشان ته‌ها به‌رواری به‌رپرسی نووسینگه‌ی جه‌نابی جێگری سه‌رۆكی پارتی به‌خێرهاتنی ئاماده‌بووانی كرد و خۆشحاڵی خۆی و نووسینگه‌ی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانی به‌و سه‌ردانه‌یان ده‌ربڕی .

له‌ به‌شێكی قسه‌كانیدا ته‌ها به‌رواری به‌رپرسی نووسینگه‌ی جه‌نابی جێگری سه‌رۆكی پارتی جه‌ختی له‌ گرنگی كاری رێكخراوه‌یی لاوان كرده‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی خزمه‌تكردن و گرنگیدان به‌و توێژی لاوان ودۆزینه‌وه‌و په‌روه‌رده‌كردنی ئه‌و تواناو به‌هره‌و توانستانه‌ی كه‌ له‌ كه‌رتی خوێندن وپه‌روه‌رده‌و كه‌رته‌كانی تری و كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی میلله‌ته‌كه‌مان و كوردستان سوود له‌ تواناو به‌هره‌كانیان وه‌ربگرێت . چونكه‌ توێژی لاوان توێژێكی زیندوو و كاریگه‌رن له‌ كۆمه‌ڵگه‌و پێویسته‌ به‌ پلان و به‌رنامه‌ی تۆكمه‌وه‌ گونجاو له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می ته‌كنه‌لۆژیا و زانیاری كاره‌كان به‌ڕیوه‌ببردرێن و گه‌شه‌ی پێبدرێت .

به‌رپرسی نووسینگه‌ی جه‌نابی جێگری سه‌رۆكی پارتی دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ یه‌كیك له‌ ئه‌وله‌ویات و جێگای گرینگی دان و بایه‌خی جه‌نابی جێگری سه‌رۆكی پارتی،‌ توێژی لاوان و قوتابیان و ئافره‌تانه‌ و توانا و به‌هره‌كانی ناو ئه‌و كه‌رته‌ زیندووه‌ن . ته‌ئكیدیشی له‌ پشتیوانی و پشتگیری یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان كرده‌وه‌ له‌ پێناو سه‌رخستنی به‌رنامه‌ و پرۆژه‌كانیان

پاشان ته‌یموور عەبدال سكرتێری یه‌كێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان به‌ تیرووته‌سه‌لی باسی له‌ كارو و چالاكیه‌كانی یه‌كیتی لاوانی دیموكراتی كوردستان و ئۆرگانه‌كانی كرد له‌ گه‌ڵ ئه‌و میكانزم و پلان و به‌رنامانه‌ی كه‌ دایانڕشتووه‌ بۆ كاركردن له‌ سه‌ری له‌ داهاتوودا .
kdp-
Top