وەزارەتی دارایی گۆڕانكاری لە بڕیارێكی تایبەت بە پاشەكەوتی مووچەدا دەكات
بەپێی ئەو زانیارییەكان، ئەگەرچی پێشووتر بە نووسراوی فەرمی داوا لە وەزارەت و فەرمانگەكان كرابوو مووچەی مانگەكانی 10 و 11 و 12ی ساڵی 2017 پاشەكەوت بكەن، بەڵام وەزیری دارایی گۆڕانكاریی لە بڕیارەكەدا كردووە.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوە دا، وەزیری دارایی داوای كردووە ئەو 3 مووچەیە پاشەكەوت نەكرێت، بەڵكوو مانگانە لە ساڵی 2018 خەرج دەكرێن.
روونیشی كردەوە، لەسەرەتای ئەمساڵ، داوا لە وەزارەتەكان كرابوو مووچەی مانگی 1ی 2018 ئامادە بكەن، بەڵام دواتر گۆڕانكاریی تێدا كراوە و كراوەتە مووچەی مانگی 10.
لە ئەنجومەنی وەزیران، بە تایبەت لیژنەی بایۆمەتری و گەنجینەكان داوا كراوە لە فەرمانگەكان لیستی مووچەی مووچەكانی 10 و 11 و 12 نەخرێتە تۆماری پاشەكەوت، بەڵكوو لە ساڵی 2018 خەرج بكرێن.
پێشووتر وەزارەتی دارایی، لە رێگەی گەنجینەکانەوە داوای لە سەرجەم یەکەی ژمێریاریی فەرمانگەکان کردبوو، لیستی مووچەی مانگەکانی 10 و 11 و 12یان بۆ رەوانە بکەن و لە لیستی پاشەكەوت تۆماری بكەن.
سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی ئاشكراشی كرد، ئەو هەنگاوە و پاشەكەوت نەكردنی ئەو 3 مووچەیە پەیوەندیی بە پێشوەچوونی گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغداوە هەیە.
لە ساڵی 2016 مووچەی مانگی 11 و 12 نەدرا و ئەو دوو مووچەیە لە مانگی 1 و 2 ی ساڵی 2017 دابەش کرا.
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان، کە بە واژۆی رابەر سدیق، بریکاری وەزارەتی دارایی لە 13ی 12ی 2015 دەرچووە. وەکوو قەرز لەسەر حکوومەت مامەڵە لەگەڵ مووچە نەدراوەکانی 2015 کرا، کە ئەوکاتە مووچەی مانگەکانی (9 و 10 و 11 و 12)ی ساڵی 2015 قەیدی بۆ کرا و لە تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی 12 وەکوو قەرز دیاری کرا.
عوسمان ساڵح، بەڕێوەبەری گەنجینەی ھەرێم تەنیا ئەوەندەی بە(باس) راگەیاند، وەزارەتی دارایی هەر بڕیارێكیان بۆ بنێرێت ئەوان جێبەجێی دەكەن و دەسەڵات لای وەزارەتی داراییە.
رۆژی 3ی شوباتی 2016 ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كورستان، بڕیاری لە پاشەكەوتكردنی مووچەی فەرمانبەران دا، كە پاشەكەوتكردنەكە لە 15%دەست پێ دەكات تا 75%.
ئارام قادر، شارەزای ژمێریاری بە(باس)ی راگەیاند لەرووی ژمێریارییەوە هەر مافێکی فەرمانبەران كە لای حکوومەتە وەک قەرز تۆمار دەکرێت، گوتی: ”هەر شایستەیەکی دارایی فەرمانبەر، حکوومەت مولزەمە بە پێدانی بە فەرمانبەر، چونکە بە یاسا رێکخراوە، ئەگەر حکوومەت ئەو شایستەیە نەدات، بە هەر هۆکارێک بێت بەدەر لە رێکخستنی نوێ لە رێگای یاساوە، دەبێتە قەرز لەسەری، لە کاتی باشبوونی یان جێگیربوونی باری دارایی حکوومەت، ئەو بڕە پارەیەی لایەتی دەبێ بیگێڕێتەوە.
روونیشی كردەوە، سیاسەتی گێڕانەوەی پاشەكەوت و میکانیزمەکانی، حکوومەت دیاری دەکات، گوتیشی: ”واتا لە سەدا سەدی پارەکە وەک قەرز لای دەمێنێت، یاخود رێژەیەکی پارەکە وەک قەرز لای بمێنێت، لە هەردوو حاڵەتەکەدا، دەبێتە قەرز وەک هەر قەرزێکی تر کە حکوومەت بە دەوڵەتان یاخود بانکەکان وەری دەگرێت، مولزەمە بە دانەوە لە هەردوو حاڵەتەکەدا“.
مەولوود سابیر، بەڕێوەبەری بانك لە وەزارەتی دارایی، پێشووتر بە(باس)ی راگەیاندبوو: ”ئەو مووچانەی پێشووتر پاشەكەوت كراون، لە داهاتوویەكی نزیكدا دەخرێنە سەر حیساب بانكی فەرمانبەران و پڕۆسەكەش دەستی پێ كردووە“.
باسنیوز
