پارێزگاری کەرکووک داوای گەڕانەوەی سوپا دەکات
راکان سەعید جبووری، پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رۆژی سێشەممە رایگەیاند، لیژنەی ئەمنی بە سەرۆکایەتیی پارێزگاری کەرکووک داوای لە فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکان و وەزارەتی بەرگری کردووە، کە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک لە پارێزگاکە بهێڵێتەوە.
جبووری گوتیشی: "گۆڕینی هێزەکانی سوپا بە هێزی دیکە بووە هۆی سەرهەڵدانی روودای ئەمنی، چونکە داعش کەلێنەکانی کشانەوەی کتوپڕی هێزەکان و هاتنی هێزی دیکەی بۆ خۆی قۆستەوە و هەر لەوکاتەدا داعش هێرشیکردە سەر چەند خاڵێک لە قەزای حەویجە".
پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت گوتیشی: "رێکخراوی داعش بە رێگەی تونێل لە ناحیەکانی عەباسی و زاب هێرشدەکات و لە دەوروبەری قەزای حەویجەش هێرشدەکات و دواتریش بزر دەبن، ئەمەش مایەی نیگەرانییە".
هێزەکانی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک کە لە 16 ئۆکتۆبەر هاتنە کەرکووک، دوو رۆژە لە شارەکە کشاونەتەوە و هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵ جێگەی گرتوونەتەوە.
RUDAW -
