ھاوپەیمانیی تەڤگەری ئازادی و شاسوار عەبدولواحید بۆ لێدانە لە گۆڕان و یەکێتی
سۆران سێوکانی، نووسەر و چاودێری سیاسی لە سلێمانی، ڕایگەیاند، تەڤگەری ئازادی و گرووپەکەی شاسوار عەبدولواحید، دوو گرووپی ھیچ لەبارا نەبوون، بێگومان ھەمیشە لاوازەکان کۆ دەبنەوە بۆ ئەوەی بەھێز بن، بەڵام ئەو دوو گرووپە ناتوانن بەھێزبوونی خۆیان بسەلمێنن، بەڵام پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەگەڵ ئێران و حکومەتی عێراقیدا جۆرێک لە تەبایی لەنێوانیاندا ھەیە".
ئەو چاودێرە سیاسییە ئاماژەی ەبوەش کرد: "گرووپەکەی شاسوار عەبدولواحید تا ئێستا باگراوەندیان ڕوون نییە، بۆیە ئاساییە ھەردووکیان یەک بگرن بۆ ئەوەی یەک ئاڕاستەیان ھەبێت، گروپەکەی شاسوار عەبدولواحید، لە شاری سلێمانی ھێندە دیوێکی جوانی نییە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لێی بترسێت".
سۆران سێوکانی ئاماژەی بەوەش دا، لایەنگرانی پەکەکە دەستیان نەپاراستووە، دەشڵێت: ”تەنانەت بە شێوەیەکی زۆر ناشیرین ڕەخنەی توند لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان دەگرن، بۆیە کاتێک تەڤگەری ئازادی و گرووپەکەی شاسوار عەبدولواحید ڕێککەوتنیان کردووە، بیگومان گرووپەکەی شاسوار عەبدولواحید مەبەستی ئەوەیە بۆ ئایندە لەگەڵ تەڤگەری ئازادی، ھێرشی توند ئاڕاستەی یەکێتیی نیشتمانی بکەن".
ئەو نووسەر و توێژەرە کوردە باسی لەوەش کرد: "دوێنێ لە شاری سلێمانی دژی لەشکرکێشی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی ئەنجام دراوە، لە کاتێکدا هەر ئەو گرووپە هەبوون، بەڵام بۆچی کاتێک کەرکووک دەستی بەسەردا گیرا، ھیچ ھەڵوێستێکیان نەبوو؟ ئایا عەفرین لە کەرکووک پیرۆزترە؟ یان عەفرین لە کەرکووک بەنازترە؟".
پێشتر چەندان جار بەرپرسان لە ئاستی جۆراوجۆر، ئاماژەیان بەوە کردووە کە هاوکاریکردنی یەکێتی و گۆڕان لەگەڵ پەکەکە کە لە سلێمانیدا بە ناوی (تەڤگەری ئازادی) کار دەکەن، دواجار زیان بە خۆیان دەگەیەنێت، بۆیە چاودێران بە دووری نابینن کە ئەو هاوپەیمانییەی ئێستا لە نێوان تەڤگەری ئازادی و شاسوار عەبدولواحید دروست کراوە، بۆ لێدانە لە پێگەی یەکێتی و گۆڕان.
باسنیوز
