ئەمریکا داوای رێککەوتن بۆ کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی کوردستان دەکات

 ئەمریکا داوای رێککەوتن بۆ کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی کوردستان دەکات
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات.

رۆژی دووشەممە 29/1/2018، جۆن سولیڤان، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوای سەردانەکەی بۆ بەغدای پایتەختی عێراق، بە یاوەریی شاندێکی وڵاتەکەی سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی هێزەر ناوێرت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کە کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر جۆن سولیڤان لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە عێراقێکی یەکگرتوو، نیشان داوە.

جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە وڵاتەکەی ”بەهیواوە“ لە دانوستاندنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەڕوانێت داوا دەکات بەردەوامیی بە کۆبوونەوەکان بدرێ.

جۆن سولیڤان هەروەها تیشکی خستووەتە سەر پرۆژەی چاکسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و رایگەیاندووە، ئەو پرۆژەیە بۆ راکێشانی وەبەرهێنەری کەرتی تایبەت بۆ هەرێمی کوردستان ”پێویستە“.

هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، لەگەـڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆ بووەتەوە و تێیدا جەختی لە درێژەدان بە دانوستاندنی هەولێر و بەغدا کردووەتەوە.

جۆن سولیڤان داوای لە عەبادی کردووە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی ”رێککەوتنی کرداری“ ئەنجام بدەن بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و کردنەوەی فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی هەولێر و سلێمانی.














باسنیوز
Top