گوتەبێژی ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتی: ئەگەر کۆنگرە نەبەستین کێشەکان ئاڵۆزتر دەبن

 گوتەبێژی ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتی: ئەگەر کۆنگرە نەبەستین کێشەکان ئاڵۆزتر دەبن
گوتەبێژی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، ئەگەر حزبەکەی کۆنگرە نەبەستێ، کێشەکانیان زیاتر دەبن و چارەسەرکردنەکان ئاڵۆزتر دەبێت.

ماوەی زیاتر لە دوو مانگ، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لێژنەیەکی بۆ بەستنی کۆنگرە پێکھێناوە، بە گوتەی بەشێکی زۆر لە سەرکردە باڵاکانی ئەو حزبە، یەکێتی لە سەرەتای مانگی ئاداری ئەمساڵەوە کۆنگرەی چوارەمی خۆی دەبەستێت، بەڵام تا ئێستا سەرکردایەتیی یەکێتی بە فەرمی هیچ بڕیارێکی کۆتایی لەبارەی کۆنگرە نەداوە و تەنانەت کۆنفرانسی مەڵبەندەکانیش ئەنجام نەدراوە.

لەتیف نێرەوەیی، گوتەبێژی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، لەمبارەوە، ڕایگەیاند: "چاوەڕێی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی دەکەین، بۆ ئەوەی بڕیاری بەستنی کۆنگرە بدەین، بێگومان یەکێتی کۆنگرە چوارەم دەبەستێت، بەڵام پێویستە ئێمە چاوەڕێی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بکەین".

لەتیف نێرەوەیی، ئاماژەی بەوەش دا: "ئەگەر یەکێتی کۆنگرە نەبەستێت زەرەر دەکات، چونکە کێشەکانی زیاتر دەبن و چارەسەرکردنیشیان قورس و ئاڵۆزتر دەبێت، بۆیە باشترین ڕێگا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی یەکێتیی بەستنی کۆنگرەیە".

ھەفتەی ڕابردوو ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی، بە سەرپەرشتی کۆسرەت ڕەسوڵ کۆبووەوە بۆجئەوەی بڕیاری یەکلاکەرەوە لەسەر بەستنی کۆنگرە بدات، بەڵام ئەنجومەنی سەرکردایەتی نەیتوانی ھیچ بڕیارێک لەبارەی کۆنگرەوە بدات، دواجار بڕیاری ئەوە درا کۆبوونەوەکە بۆ کاتێکی نادیار دوا بخرێت".

بەپێی زانیارییەکان ئەگەرێکی زۆر ھەیە یەکێتی بەھۆی کێشەکانییەوە نەتوانێ کۆنگرە ببەستێت، بۆیە پێشنیاری ئەوە کراوە لەبری بەستنی کۆنگرە، یەکێتیی پلینیۆمێکی بەپەلە ببەستێت.












باسنیوز
Top