جەعفەر ئێمنکی بۆ پەرلەمانتارێکی گۆڕان: با بابەتی عەفرین نەکەینە موزایەدە
لە میانی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ سێشەممە 30/1/2018ی پەرلەمانی کوردستان کە جەعفەر ئێمنکی سەرۆکایەتی دەکات، برزۆ مەجید، پەرلەمانتاری گۆڕان ئاماژەی بەوە کرد: ”خەڵکی گلەیی ئەوە لە پەرلەمان و پەرلەمانتاران دەکەن کە هەڵوێستەکەیان درەنگ وەختە و هەڵوێستی پێویستیش نەبووە. هەڵوێستی سەرۆک فراکسیۆنەکانیش لەئاست رەوشی عەفریندا نییە. جەخت لەوە دەکەینەوە کە دانیشتنی ئەمڕۆ تەنها تایبەت بکرێت بە بابەتی عەفرین“.
لە وەڵامدا جەعفەر ئێمنکی ئاماژەی بەوە کرد: ”با بابەتەکە بەلاڕێدا نەچێت و نەبێتە موزایەدە. لەبەرچاوی ئێمە دۆخێکی زۆر خراپ بەسەر هەرێمی کوردستاندا هات. بەسەر خورماتوو و کەرکووکدا هات، با برینەکان نەکەینەوە، فراکسیۆنەکانی پەرلەمان داوایان کرد دانیشتن بکرێت؟ هیچ داوایەک بە دەست ئێمە نەگەیشت“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”سوپای عێراق و حەشدی شەعبی پەلاماری ناوچە کوردستانییەکانیان دا، کەچی داوای کۆبوونەوە نەکرا. ئەوەی بە ئێمە بکرێت بۆ عەفرین، بە ئاگا خستنەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و دەزگا نێودەوڵەتییەکانە. هەرێمی کوردستان دەتوانێ چی بۆ عەفرین بکات جگە لە پەیامی سیاسی و پشتیوانی؟ با قەبارەی بابەتەکە وەکوو خۆی مامەڵە لەگەڵ بکەین“.
پێشتر وەفیق سامەڕایی، ڕاوێژکاری پێشووی جەلال تاڵەبانی، داوای لە بەرپرسانی عێراق کردبوو، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەستی سەربەخۆخوازیی لە هەرێمی کوردستان، پشت بە گرووپێکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان ببەستێت.
باسنيوز
