سبەی لێژنەی لێکۆڵینەوە لە خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر یەکەمین کۆبوونەوە ئەنجام دەدا

 سبەی لێژنەی لێکۆڵینەوە لە خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر یەکەمین کۆبوونەوە ئەنجام دەدا
جێگری سەرۆکی لێژنەی ئاسایش و ناوخۆ و ئەنجومەنە خۆجێییەکان لە پەرلەمانی کوردستان رای گەیاند، ئەو لێژنە تایبەتەی بۆ بەدواداچوون لە ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر پێکھێنراوە، یەکەم کۆبوونەوەی خۆی بۆ دانانی بەرنامەی کارەکانی دەکات.



نازم ھەرکی، ڕاگەیاند: ڕۆژی سێشەممەی 30/1/2018، ئەو لێژنە تایبەتەی بۆ بەدواداچوون لە ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر لە پەرلەمان پێکھێنراوە، یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجام دەدات، بۆ ئەوەی بەرنامەیەک بۆ چۆنییەتی کارەکانی دابڕێژێت".



جێگری سەرۆکی لێژنەی ئاسایش و ناوخۆ و ئەنجومەنە خۆجێییەکان ئەوەی ڕوون کردەوە، کاتێک لێژنەیەکی تایبەت بە ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر دادەنرێت، کاری خۆی لەسەر ھۆکاری کەوتنی کەرکووک، خورماتوو و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان دەکات، بۆ ئەوەی لەمبارەیەوە بگاتە ئەنجامێک.





ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.



ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".



ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”هۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.




باسنیوز
Top