تورکیا بە بەکارهێنانی ناپاڵم تۆمەتبار دەکرێ.. شەڕ درێژەی هەیە
ئەمڕۆ یەکشەممە، ناوچەی جەندرێس کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای عەفرینەوە، تووندترین شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزەکانی تورکیا و ئەو هێزە سووریاییانەی کە تورکیا پشتیوانییان دەکات و یەپەگە، بەرپا بووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سکای نیوز، لەوەتەی هێرشی بەرپا کردووە، هێزەکانی سوپای تورکیا هێشتا لەسەر ئەرز پێشڕەویی ئەوتۆیان نەکردووە، لە کاتێکدا شەڕی تووند لە بەرزایی و میحوەرەکانی شارەدێی راجۆ کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای عەفرینەوە ڕووی داوە.
لەلایەکی دیکەوە، گرووپە سووریاییەکانی سەر بە تورکیا دەڵێن، توانیویانە دەست بەسەر گوندی بسکێ و خاڵی ستراتیژیی ٧٤٠ و سەربازگەی یەپەگە لە چیای راجۆدا بگرن.
هێزی زیاتری تورکیا
هێرشی سوپای تورکیا لە پاش چوونە نێو شارەدێی ئەعزازەوە گەرمتر بووە و، تا دێ، تورکیا هێز و چەک و تفاقی زیاتری سەربازی ڕەوانەی ناوچەکە دەکات.
یەکینەکانی پاراستنی گەل-یەپەگە-ش ڕایاگەیاندووە، پارێزگاری لە پاراستنی چیای بەرسایا دەکات کە بە چیایێکی ستراتیژی ناسراوە، کە لەوێوە دوو بنکەی تورکیا کە نزیکن لە گوندی کول جەبرین لە دەوروبەری ئەعزاز، هەروەها دوو بنکەی دیکەی تورکیا لە نزیک مارع و و گوندی شەعالە، بنکەیەکی گرووپەکانی سووریا لە تەل مالد، کە چەکی قورسیان لێی جێگیر کردووە، کردووەتە ئامانج.
یەپەگە دەڵی، لە شەڕ و پێکدادانەکاندا دەیان سەربازی تورکیا و چەکدارانی گرووپە سووریاییەکانیان کوشتووە.
لە بەرانبەردا، تورکیا ڕایگەیاندووە کە، ٥ سەربازی کوژراون و ٤١ـی دیکەشی بریندار بوون.
هاوکات تورکیا پێکانی دەیان شەرڤانی یەپەگەی ڕاگەیاندووە.
بۆمبی ناپاڵم
کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، تورکیا بە بەکارهێنانی غازی ناپاڵم تۆمەتبار دەکات کە چەکێکی کوشندە و قەدەغەکراوە و دەڵێ دەوروبەری عەفرینی پێ بۆردوومان کردووە. هەردوو لایش، یەکدی بەوە تۆمەتبار دەکەن کە لە شەڕەکاندا، دژ بە یەکدی چەکدارانی داعش بەکار دەهێنن.
بەڵام هەرچیی یەپەگەیە، چەندان ناوی ئەندامانی پێشووی داعشی بڵاو کردوونەتەوە کە لە ڕیزەکانی گرووپە سووریاییەکانی سەر بە تورکیا و هاوشانی سەبازانی تورکیا، دژ بە یەپەگە شەڕ دەکەن.
kdp-
