"حکوومەتی عێراق دەیەوێ عەرەبیێکی زۆری شیعە بهێنێتە ناوچە کوردستانییەکان

هۆشداری دەدرێت لە هێنانی خەڵکێکی زۆری شیعە بۆ سنووری ماددەی ١٤٠ و ڕاویژکار مەکتەبی سیاسیی پارتیش دەڵێ: ''پیلانێکی گەورە هەیە بۆ بە عەرەبکردنی شارەکە.''

حکوومەتی عێراق دوای داگیرکردنی کەرکووک دەستی بە هێنانی خێزانی عەرەب و چەکداری عەرەب کردووە و بە خێزان و ماڵەوە لە کەرکووک نیشتەجێیان دەکات، (عارف ڕوشدی)، ڕاویژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ''دەستپێکردنى (بەعەرەبکردن= تعریب)، داوا کراوە دانیشتوانى پارێزگاکانى خوارووى عێراق بۆیان هەیە لە کەرکووک نێشتەجێ بن و ناسنامەیان پێ دەدرێت، بێ گوێدانە ئەوەی کە لە سەرژمێریى ١٩٥ دا خەڵکى ئەو شارە بێت، بۆیە دەیانەوێت تەعریب لە شارەکە درێژ بکەنەوە.''


ئەم لێدوانەی (عارف روشدی) لە کاتێکدایە کە حەشدی شەعبی بە هاوکاری ئێران هێرشی کردە سەر ناوچە کوردستاییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و کەرکووکی داگیر کرد، لە ئێستایشدا بەگوێرەی چالاکوانانی مافی مرۆڤ بەغدا دەیەوێ پاکتاوی نەژادی لە ناوچەکەدا بکات.

(عارف ڕوشدی) نمونە دێنێتەوە کە ''گۆڕینى بەرپرسە ئەمنییەکانى کەرکووک و شارۆچکەکانى دیکەى پارێزگاى کەرکووک بە ئەفسەر و پلەدارى عەرەب و تورکمانیش یەکەم پیلانی دژە کەرکووکە، دواتر هەوڵ دەدرێت پارێزگارێکى عەرەب دابنرێت، یان حاکمێکى عەسکەرى، دڵنیا بن تەنانەت ئەگەر کوردێکیش دابنێن هیچ دەسەڵاتێکى نابێت.''


لەسەر هەمان پرس کە بەغدا دەیەوێ عەرەبی شیعە بێنێتە ناوچە کوردستانییەکان، (د. ناسیح غەفوور)، چاودێری سیاسی و پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان، کە خۆیشی خەڵکی شاری کەرکووکە، لەگەڵ زانیاری (عارف روشدی) هاوڕایە و بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ: ''حکوومەتی عێراق پیلانی هەیە، خەڵکێکی زۆر بە ناوی کارمەندی حکوومەت لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە بە ئیمتیازەوە بنێرێت بۆ شاری کەرکووک، بەشێک لە کارمەندانی کێڵگە نەوتییەکان داوایان لێ کراوە، بە ژن و خێزانەوە بچنە ئەو شارە، بەشێکی دیکەشیان پۆلیسی عێراقن و بەشێکیان خەڵکی مەدەنین، گوایە پارێزگای خۆیان دەگۆڕن، سەرجەم ئەم پیلانەش لە ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ دەکرێت، بۆ ئەوەی کورد لەو شارە باڵادەستییەکەی کەم ببێتەوە.''
kdp-
Top