پەرلەمانتارێک: بەشێک لە تورکمانەکانی کەرکووکیش ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوونە

 پەرلەمانتارێک: بەشێک لە تورکمانەکانی کەرکووکیش ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوونە
پەرلەمانتارێکی تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان، ڕای دەگەیەنێت، دوای داگیرکردنی کەرکووک و دەوروبەری لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە، بەشێک تورکمانەکانیش ھاوشێوەی پێکھاتەکانی تر ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوونە.

مونا قەھوەچی، پەرلەمانتاری تورکمان، لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: "بەرەی تورکمانی لە پێناو مەرامە تایبەتییەکانی ژمارەیەک سەرکردەیان، ھەموو ڕێکارێکی خراپەکارییان لە کەرکووک گرتووەتەبەر و کێشەی جۆراو جۆریان دروست کردووە و دەیانەوێت دووبەرەکی لە ناو تورکمانەکاندا دروست بکەن، بەڵام تورکمان دەبێت یەکڕیز بێت و ئێمە لە کوردستاندا دەژین و نابێت ھیچ ئەجێندایەکی دەرەکی کار بخاتە سەرمان".

ئەو پەرلەمانتارە تورکمانییە، ئەوەشی خستە روو، کە بەرەی تورکمانی سیاسەتی (بانێک و دوو ھەوا) بەکار دەھێنێت.

پێشتر، عیرفان کەرکووکلی، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان ڕای گەیاندبوو، دوای داگیرکردنی کەرکووک لە لایەن حەشدی شەعبییەوە، ئەو چەکدارانە و ئەرشەد ساڵەحی، سەرۆکی بەرەی تورکمانی، ھەڵساون بە سووتاندنی بارەگاکانی حزبەکەیان لە کەرکووک، بە ھۆی ئەوەی پاڵپشتییان بۆ رێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کردووە.

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 16ی ئۆکتۆبەری 2017، سوپای عێراق، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و حزبولڵای لوبنانی بە سەرپەرشتیی و بەشداریی سوپای پاسدارانی ئێران، ھێرشیان کردە سەر کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی ئەو سنوورەیان داگیر کرد و ھەزاران ھاووڵاتیی روویان لە ھەرێمی کوردستان کرد.











باسنیوز
Top