پەرلەمانتارێك: پرۆسەی بە عەرەب كردن لە كەركووك و خورماتوو دەستی پێ كردووە

 پەرلەمانتارێك: پرۆسەی بە عەرەب كردن لە كەركووك و خورماتوو دەستی پێ كردووە
سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، لە پەرلەمانی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، چەكدارانی حەشدی شەعبی، پرۆسەی بە عەرەب كردن و بە شیعەكردنیان لە كەركووك و خورماتوو دەست پێكردووە.

شوان ئەحمەد، سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، لە پەرلەمانی كوردستان، ڕایگەیاند: "دوای داگیركردنی كەركووك و خورماتوو، لە لایەن چەكدارانی حەشدی شەعبییەوە، ئەو چەكدارانە زنجیرەیەك تاوانیان لەو ناوچانە ئەنجام داوە و تاوانەكانیشیان بریتین لە كوشتن و گرتن و سوتاندنی ماڵان و دوكان و كارگەكان و شەهیدكردنی رۆژنامەوانان".

ڕاشی گەیاند: ئەو چەكدارانە ترس و تۆقاندنیان لای خەڵك لەو ناوچانە دروست كردووە، چونكە ئەوان تا ئێستاش درێژە بەتاوانەكانیان دەدەن و دۆخێكی زۆر ناهەمواریان دروست كردووە".

ئەو پەرلەمانتارە، گوتشی: "چەكدارانی حەشدی شەعبی ئێستاش هەوڵەكانیان خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی بە تەواوەتی دیموگرافیای ناوچەكە بگۆڕن، پرۆسەیەكی بە عەرەبكردن و بە شیعەكردنیان دەستیپێكردووە".

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 16ی ئۆكتۆبەری 2017، سوپای عێراق، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و حزبوڵڵای لوبنانی بە سەرپەرشتیی و بەشداریی سوپای پاسدارانی ئێران هێرشیان كردە سەر كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی ئەو سنوورەیان داگیر كرد و هەزاران هاووڵاتیی روویان لە هەرێمی كوردستان كرد.

رۆژی چوارشەممە 18/10/2017، كۆسرەت رەسول، جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی لە پەیامێكدا ڕای گەیاند، كە چەند (كاڵفام)ێكی ناو حزبەكەی ئەو پیلانەیان لە دژی گەلی كوردستان جێبەجێ كرد و ڕای گەیاند: "ئۆباڵی كارەساتەكانی كەركووك و هەموو زیانە گیانی و مادی و مەعنەوییەكانی تری گەلەكەمان دەكەوێتە ئەستۆی ئەو كاڵفامانەی ناو یەكێتیی".

حەشدی شەعبی لە نزیكەی 67 میلیشیای شیعە مەزهەبی عێراق پێك دێت، بە فەتوای عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق دوای هەرەس پێهێنانی سوپای عێراق لە مانگی حوزەیرانی 2014 لەلایەن چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش دروست بووە.









باسنیوز
Top