بەرپرسێكی پارتی: پەرلەمانی عێراق یاسا بۆ تەعریبكردنی كەركووك دەردەكات

بەرپرسێكی پارتی: پەرلەمانی عێراق یاسا بۆ تەعریبكردنی كەركووك دەردەكات



ئەحمەد کانى بەرپرسى لقی دووی پارتى رایدەگەیەنێ كە پەرلەمانی عێراق بە پێشێلکردنى دەستوور، یاسا بۆ تەعریبکردنی کەرکووک و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەردەکات، لە کاتێکدا کەرکووک شارى هەموو پێکهاتەکانە.


ئەمڕۆ چوارشەممە بەرپرسى لقی دووی پارتى رایگەیاند "ئەو پەرلەمانتارانەى کاریان بۆ دروستکردن و بە یاساییکردنى گرووپى حەشدى شەعبی کرد، هەر ئەوانەن کە ئێستە کار بۆ شەڕى تاییفەگەرى دەکەن لە سنوورەکانى ژێر دەسەڵاتیان".


ئەحمەد کانى ئەوەشی گوت "هەرچەند لە زۆر وڵاتانەوە داوا دەکرێت بە پێى دەستوور کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێن، بەڵام ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بە پێشێلکردنى دەستوور، یاسا بۆ تەعریبکردن و جینۆسایدکردنى هاووڵاتیانى کورد دەردەکات، بە پێى دوایین بڕیارى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بێت کە پێچەوانەى دەستوورە، تەنها سوپاى عێراق و حەشدى شەعبى لە سنوورى کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان بمێنێ، بەبێ ئەوەی هیچ نرخێک بۆ پێشمەرگە دابنێ کە پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمى بەرگریى عێراق".


گوتیشى "داوا لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى دەکەین بە پەلە بێنە سەر هێڵ بۆ چارەسەرکردنى ئەم فەرهەنگ و عەقڵییەتە، ئەگینا کارەساتى زۆر گەورەتر لە عێراق بەڕێوەیە، راستە ئەمڕۆ رووى لە هەرێمى کوردستانە، بەڵام بە دڵنیاییەوە سبەی رووی لە شوێنى دیکە دەکات".


ئەحمەد کانى لەبارەى هەڵوێستى ئەمریکا بەرامبەر بە حەشدى شەعبى دەڵێت "ئەمریکا خۆى حەشدى شەعبى خستووەتە لیستى شەرمەزارى وڵاتەکەى و ئەوانەشى کە پاڵپشتى حەشدى شەعبین بە تیرۆریست لە قەڵەمى داون، ئەمریکا ئەبو مەهدى موهەندیسى بە تیرۆریست ناساندووە، ئەمریکا باش دەزانێت کە ئەبو مەهدى موهەندیس سەرکردایەتى حەشدى شەعبى دەکات، کەچى وەڵامیان بۆ ئەمریکا ئەوەیە کە کلیلی هەموو کۆگا سەربازییەکانى ئێران بە دەستى ئەبو مەهدى موهەندیسە".


سەبارەت بە دابەشکردنی دەسەڵاتەکانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەسەر هەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری، بەرپرسى لقی دووی پارتى لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى هەواڵی (ئانادۆڵو)ی توركی، گوتى "دەسەڵاتەکانى سەرۆکایەتى هەرێم دابەش کراوە بەسەر ئەنجوومەنى دادوەرى، ئەنجوومەنى وەزیران و پەرلەمانى کوردستان، بۆیە دەڵێم ئێستە تا هەشت مانگى دیکە هیچ کەسێک وەکو کەسى یەکەمی هەرێمى کوردستان نییە، ئومێد دەکەین دواى هەشت مانگ کە هەڵبژاردنى پەرلەمان بەڕێوەدەچێ، هەر کەسێک خۆى بۆ پۆستى سەرۆکایەتى هەرێم بپاڵێورێ، ئەم پۆستە پڕ بکاتەوە".

bas news-
Top