دەروازەی نێودهوڵهتی باشماخ ژمارهیهك ههلی كار ڕادهگهیهنێت
لە سبەی پێنجشەممەوه بۆ ماوەی یەك هەفتە، دابەشكردنی فۆرمی دامەزراندن بۆ كاركردن لەناو خاڵی سنووری نێودەوڵەتی باشماخ، لەناو یەكەم تاقیگەی گەورەی خۆماڵی، كە تایبەتە بەكاری پشكنین و دڵنیایی هەموو ئەو كەلوپەلانەی كە رۆژانە لەوڵاتی ئێرانەوە لەو دەروازە سنوورییە هاوردەی هەرێمی كوردستان دهكرێت دەستیپێدەكات و بۆ ئەو مەبەستەش وردەكاری دارمەزراندنەكە ئاشكرادەكرێت.
بەپێی راگەیاندراوێكی خاڵی سنووری نێودەوڵەتی باشماخ، كە وێنەیەكی نێردراوه و له بهشێكیدا هاتووە"كۆمپانیایهكى ناوخۆیی، لەناو كۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ، پێوستی بە(20) كارمەند هەیە لە هەردوو رەگەزی نێر و مێ، بەمەبەستی كاركردن لەناو تاقیگەی ناوەندی كۆمەڵگای باشماخ، كە پێویستە دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكانی كوردستان بن".
هاوكات ئاماژە بەوەكراوە، پێویستە خوازیار بۆ دامەزراندن خەڵكی سنووری شارۆچكەی پێنجوێن بێت و بۆ وەرگرتنی فۆرمیش لەسبەی پێنجشەممەوه رێكەوتی (2/11/2017) سەردانی هۆبەی یاسایی مەرزەكە بكات و لەرێكەوتی (9/11/2017) دوا رۆژی وەرگرتنەوەی فۆرمەكان دەبێت.
لەراگەیاندراوەكەی خاڵی سنووری نێودەوڵەتی باشماخ، ئەوەش خراوەتە روو،"مەرجەكان بۆ دامەزراندن لەیەكەم تاقیگەی گەورەی پشكنین و دڵنایی بەشە جیاوازەكان، بریتیە لەوەی كە دەبێت داواكار هەڵگری بڕوانامەی (دبلۆم، بەكالوریوس، ماستەر، دكتورا) بێت و شارەزایی تەواویشی لەكۆمپیوتەردا هەبێت، بەتایبەت بەرنامەكانی (وۆرد و ئیكسل)".
لهو ڕاگهیهنراوهكهدا مەرجی ئەوەش دیاریكراوە كە پێویستە ئەو كەسانەی خوازریاری دامەزراندنن لەناو باشماخ، خەڵكی سنووری پێنجوین بن، واتە دانیشتووی ئەو سنوورە بێت و دەشبێت لەهیچ فەرمانگەیەكی حكوومی و كەرتی تایبەت دانەمەزرا بێت و كاری دیكەی نەبێت.
bas news-
