نێچیرڤان بارزانی و عه‌لی باپیر جه‌ختیان له یه‌كڕیزیی نێوماڵی كوردستان كرده‌وه
ماڵپه‌ری فه‌رمی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی نێوان نێچیرڤان بارزانی و عه‌لی باپیر ئاشكرای ده‌كات كه هه‌ردوولا جه‌ختیان له یه‌كڕیزیی نێوماڵی كوردستان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به ڕێگه‌ی دیالۆگ كردووه‌ته‌وه.
ماڵپه‌ره‌كه ئاماژه‌ی به ئه‌وه كردووه كه پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 1/11/2017 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌ری، سه‌ردانی مامۆستا عه‌لی باپیر ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان له ئۆفێسی خۆی له هه‌ولێر كردووه و له‌لایه‌ن ئه‌میر و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی سیاسیی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستانه‌وه پێشوازی لێ كراوه.
له دیدارێكدا ڕه‌وشی ناوچه‌كه و عیراق و هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی و ڕووداوه‌كانی ئه‌م دواییه به‌تایبه‌تی و چۆنیه‌تیی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی پێشهاته‌كان و چاره‌سه‌ركردنی لێكه‌وته‌كانی، خراونه‌ته به‌ر باس. هه‌ردوولا جه‌ختیان له یه‌كڕیزیی نێوماڵی كوردستان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به ڕێگه‌ی دیالۆگ و گفتوگۆ و دروستكردنی باشترین په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژوه‌ندیی هاوبه‌ش، كردووه‌ته‌وه.
تاوتوێكردنی چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ندیدار به كێشه ناوخۆییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و دۆخى هاووڵاتیان و په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تێكی تۆكمه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێم، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه بووه.
bas news-
