چالاکوانێکی مافی مرۆڤ: ئەوەی لە کەرکووک و خورماتوو ڕوو دادەت جیۆسایدێکی دیکەیە
دوای داگیرکردنی کەرکووک و بەشێک لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کەوتوونەتە کوشتن و بڕین و تاڵانکردنی ناوچەکە و بە دەیان ھەزار ھاووڵاتی بەو ھۆیەوە ئاوارە بوونە. (عەلی کەریم)، چالاکوانی مافی مرۆڤ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بەپێی ئەو زانیاریانەی لە کەرکووک و خورماتوو بڵاو دەکرێنەوە، ڕەوشی مافی مرۆڤ لەو ناوچانە لە ژێر مەترسیدایە و بەداخەوە بە ھۆی ئەو جەنگەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دراون، ھەر لە ئاوارەبوونی خەڵکەوە تا دەگاتە کوشتن و ڕفاندنی ھاووڵاتیان، ھەر ئەوەی بەرامبەر بە وێنەگرەکەی کوردستان تیڤی ئەنجام دراوە، گەواھی ئەوە دەدات، کە ڕەوشەکە چەند دژوارە بە چ شێوەیەکی دڕندانە پەمالاری ھاووڵاتییان دەدرێت، لەبەر ئەوەش پێمان وایە، تا ئەو شەڕە بەردەوام بێت، ڕەوشی مرۆڤ لەو سنوورانە لە مەترسیدا دەبێت.''
زانیارییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، شەوانە میلیشیان و چەکدارە دەمامکدارەکان ھەڵدەکوتنە سەر ماڵی ھاووڵاتیان و بە پیلان کار لەسەر سڕینەوەی کورد لە زۆر شوێن دەکرێت. وەک (عەلی کەریم) دەڵێت: ''ھێزە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە شێوەیەکی مەزھەبی کار بۆ مەزھەبێکی دیاریکراوی عێراق دەکەن و کەوتوونەتە ڕاوەدوونانی ئەوانەی لە مەزھەبێکی جیاوازن، وەک کورد و عەرەبی سوننە، لە ھەندێ شوێنیش گەیشوونەتە ئاستی جینۆسایدکردن، چونکە لە بەشێک لە ناوچەکان ھاووڵاتییان ناتوانن بگەڕێنەوە شوێنەکانیان و ماڵوحاڵیان سووتێندراوە و تێک دراوە. ھەروەھا لە ئەوەی لە قەزای خورماتوو ڕووی دا، دەکرێ لە داھاتوودا وەک کەیسی جینۆساید کاری لەسەر بکرێت، چونکە ڕەوشەکە لە ئاستێکی مەترسیدارە و لە دژی پێکھاتەیەکی دیاری کراوە.''
سەبارەت بەو پرسەوە (پەروین نووری)، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان کار لەسەر کۆکردنەوەی بەڵگەکان دەکات بۆ ئەوەی ئەنجامدانی ئەو ھەموو تاوانە بە دیکۆمێنت بکرێت و بێگومان دوای کۆکردنەوەیان ئەگەر ھەموو ئەو تاوانانەی لە خورماتوو و کەرکووک بەرامبەر بە کورد دەکرێن، بگانە ئاستی پێوەری جینۆساید، ئەوە لە ڕێگەی ئامادەکردنی ڕاپۆرتەوە ئاراستەی دادگا نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان دەکرێت و لە ڕێگەی یاسایەوە کار بۆ بەجینۆسایدناساندنیان دەکرێت.''
رۆژانە لە میدیا نێوخۆیی و جیھانییەکانەوە، شایەتحاڵەکانی ڕووداوەکانی خورماتوو و کەرکووک و دەشتی نەینەوا باس لەو تاوانانەی بەرامبەریان دەکرێت ئاشکرا دەکەن. (پەروین نووری) نەیشاردەوە: ''ئێستا لە ھەموو کاتێک زیاتر، گەلی کوردستان، ھەرکەسە و لەلای خۆیەوە، بە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشەوە بێت، دڕندەیی ئەو تاوانانە دەخاتە ڕوو، ئەوەش بۆ بەرچاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھەنگاوێکی باشە بۆ ناساندنی تاوانەکانی حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەکان، چونکە نایشارینەوە ئەوەی بەرامبەر ئەو خەڵکە دەکرێت، مەترسییە بۆ سەر ھەموومان و لە بەرامبەر گەلێکی ئاشتیخوازە، بەبێ جیاوازیی بیرکردنەوە.''
kdp-
