"ڕەوشی خورماتوو و خانەقین تەواو تێکچووە"
تا دێت ڕەوشی شاری دووزخورماتوو و خانەقین خراپ دەبێت. لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا حەشد دەستی بە تاڵانکردنی ماڵی خەڵکی کردووە و لە دووزخورماتووش وێنەگرێکی کوردستان تیڤی بە چەقۆ شەهید کراوە، لە خانەقین دەست بەسەر بارەگاکانی پارتی و بیناکانی حکوومەتدا گیراوە. (شێخ جەعفەر)، بەرپرسی لقی ١٥ی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ڕەوشی خانەقین باش نییە و خەڵک بێزارە لە دەست حەشد، ئێستاش ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن بۆ دۆزینەوەی خۆپێشاندەران و خۆبەخشەکان. حەشد چوار بازگەی داناوە ئەوەی کورد بێت لەو شارە سووکایەتیی پێ دەکەن. خەڵکی زۆریش ئاوارە بوون، زانیاریمان پێ دراوە، کە بەشێک لە ماڵە کوردەکان سووتاون و تاڵان کراون، سەرجەم بەڵگەکانیش دەخەینە بەردەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.''
(شێخ جەعفەر) ئەوەیشی خستە ڕوو: ''ناوچەکە بووەتە جێگای نفووزی بیانی و خەڵکانی غەیرە حەشد لە ماوەی ڕابردووشدا بە هۆی ئەو سیاسەتەوە هەزاران ماڵی کورد لە خانەقین ئاوارە بوون و تەواوی بارەگا حزبییەکانی پارتی لەو دەڤەرە داگیر کراون و تاڵان کراون.'' بەگوێرەی نوێترین ئامارەکان تا ئێستا لە کەرکووک و خورماتوو و ناوچەکانی دیکە کە حەشدی شەعبی هێرشیان کردووەتەسەر ٦٠٠ هاووڵاتی سڤیل شەهید بوونە و، هەروەها سەدان خانوویش خاپوور کراون، چالاکوانانی مافی مرۆڤیش بەردەوام دەڵێن کە ئەو ناوچانە رووبەڕووی جینۆسایدێکی دیکە بوونەتەوە.
گشت ئەو وێرانکارییە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە کراوە، ئەمە جگە لە ئاوارەبوونی سەدانهەزار کەس کە لەو ناوچانەدا ماڵەکانیان جێهێشتووە.
kdp-
