ئارێز عه‌بدوڵا: ئه‌وانه‌ى سكاڵایان له دژم تۆمار كردووه ته‌نها ڕوو ڕه‌شیان بۆ ده‌مێنێته‌وه
پێشتر له میدیاكانه‌وه بڵاو كرایه‌وه كه (ئاڵا تاڵه‌بانى) سه‌رۆكى پێشوى فراكسیۆنى یه‌كێتى له په‌رله‌مانى عێراق به تۆمه‌تى ئه‌وه‌ى بڕوانامه‌ى (ئارێز عه‌بدوڵا) سه‌رۆكى ئێستاى فراكسیۆنى یه‌كێتى له په‌رله‌مانى عێراق، ساخته‌یه، سكالای یاسایی تۆمار كردووه.
ئارێز عه‌بدوڵا، سه‌رۆكى فراسیۆنى یه‌كێتیی، له ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ڕاىگه‌یاند: "ئێستا من له به‌غدام و خۆم داوام كردووه بچمه پێش دادگا، به‌ڵام تا پارێزبه‌ندیم هه‌بێ ناكرێ بچمه پێش دادگا، ئه‌وانه‌شى سكاڵایان له دژى من تۆمار كردووه ته‌نها ئامانجیان ناوزڕاندن و بڵاوكردنه‌وه‌ى ئه‌و بابه‌ته بووه له ده‌زگا میدییایه‌كان، چونكه داواكه ڕۆژى یه‌كشه‌ممه‌ى ڕابردوو گه‌یشته په‌رله‌مان و چوارشه‌ممه له میدیا عێراقییه‌كان و پێنجشه‌ممه‌ش له میدیاكانى هه‌رێمى كوردستان بڵاو كرایه‌وه".
سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كێتى باس له‌وه‌ش ده‌كات، كه ئه‌و ده‌زانێ كێن ئه‌وانه‌ى سكاڵایان له دژى تۆمار كردووه، گوتیشی: "ئه‌وانه ته‌نها ڕوو ڕه‌شیان بۆ ده‌مێنێته‌وه". ڕوونیشى كرده‌وه كه دادگا له‌و حاڵه‌ته‌دا نه‌په‌یوه‌ندى به خودى خۆی نه وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه كردووه بۆ ئه‌وه‌ى ڕاستی و دروستى بابه‌ته‌كه‌ى بۆ بسه‌لمێت، ڕاسته‌وخۆ داوایان له په‌رله‌مانى عێراق كردووه پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر هه‌ڵبگرن.
باس‌نیوز
