شاندێكی پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆ بوونەوە

 شاندێكی پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆ بوونەوە
پەرلەمانتارێكی سەر بە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕای دەگەیەنێت، شاندێكی پەرلەمانتارانی كورد بە مەبەستی گفتوگۆ سەردانی بەغدایان كرد.

ئیسلام حوسێن، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند: "شاندێكی پەرلەمانتارانی كورد بە مەبەستی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق ماوەی چوار ڕۆژە لە بەغدان و لەگەڵ هەریەكە لە سەركۆماری عێراق، ئەیاد عەلاوی، ئوسامە نوجێفی، جێگرانی سەركۆماری عێراق و ساڵح موتڵەگ، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، كۆبوونەوەیان ئەنجام داوە".

ئەو پەرلەمانتارە، گوتیشی: "بڕیاریشە ئەمڕۆ چوارشەممە 1/11/2017، شاندەكە كۆبوونەوە لەگەڵ سەلیم جبووری، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام بدەن".

ئیسلام حوسێن، ئەوەشی خستەڕوو، بە گوتەی ئەندامانی شاندەكە، ئەو لایەنانەی عێراق كە سەردانیان كردوون، دڵخۆشن بەو هەنگاوەی لەلایەن كوردەوە نراوە بۆ گفتوگركردن و دەشڵێت: " هاوكات ئامانجی سەردانەكە قسەكردنە لەسەر ئەو بڕیارە ناڕەوایانەی عێراق كە بەسەر هەرێمی كوردستاندا سەپاندوویەتی و ئەو بڕیارانەی كە لەدژی 14 پەرلەمانتارە كوردەكە داویانە بە بیانووی بەشداریكردنیان لە پرۆسەی ڕیفراندۆم".

ئەو پەرلەمانتارە کوردە ئەوەشی ڕوون كردەوە: "سەردانی شاندی پەرلەمانتاران بۆ بەغدا نهێنی بووە و پێش سەردانی شاندەكەش هەریەكە لە فراكسیۆنی یەكێتیی، گۆڕان، كۆمەڵ و یەكگرتوو ئاگادار كراونەتەوە بۆ ئەوەی پێكەوە بگەڕێنەوە بەغدا، وەك چۆن پێكەوە لەدژی بڕیارەكانی عێراق بایكۆتی دانیشتنەكانیان دەكرد، بەڵام سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ بە ڕاشكاوی پێی ڕاگەیاندین بۆ هیچ شتێک لەگەڵتان نین و ئێوە ڕێگەی خۆتان و ئێمەش ڕێگەی خۆمان، فراكسیۆنی گۆڕانیش هەمان هەڵوێستیان هەبوو گوتیان، ئێمە لەسەر هیچ شتێك لەگەڵ ئێوە ڕێك نین، بەڵام ئارێز عەبدوڵا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ڕای گەیاندووە، كە بە هەموو شێوەیەك لەگەڵ ئێمەیە، بەڵام ئێستا خودی خۆی ناتوانێت بەهۆی ئەو سكاڵایەی ئاڵا تاڵەبانی لێی كردووە، لەو شاندە بەشداربێ، چونكە سكاڵای لە بەغدا لەسەر تۆمار كراوە، بۆیە شاندەكە لە پەرلەمانتارانی پارتی و یەكگرتوو پێكهاتوون.












باسنیوز
Top