حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێک ئاراستەی ئەمریکا دەکات
بەپێی راگەیەندراوێک ، سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای ئیدانەکردنی هێرشە تیرۆریستییەکەی مانهاتن، رایگەیاندووە، تیرۆرستان ھەر کاتێک بچووکترین دەرفەتیان بۆ ڕەخسابێت، لە ڕشتنی خوێنی ھاووڵاتیانی سڤیل و بێ گوناھ دەستیان نەپاراستووە و ھەردەم ڕووی ڕەشی خۆیان پیشانی جیھانی ئازاد داوە.
سەفین دزەیی بە ناوی حکوومەت و گەلی کوردستان سەرەخۆشی لە گەل و حکوومەتی ئەمریکا کردووە و هیوای چاکبوونەوەشی بۆ برینداران خواستووە.
بەرەبەینی رۆژ چوارشەممە 1/11/2017، کەسێک بە پیکابێکەوە لە شاری مانهاتن لە ویلایەتی نیویۆرک، خۆی بەناو هاووڵاتییاندا کێشا و بووە هۆی گیان لەدەستدانی هەشت کەس و برینداربوونی 10 کەسی دیکە.
هێرشبەرەکە ناوی سەیفولۆ حەبیبولاڤیچ سایپۆڤە و تەمەنی 29 ساڵە. لە ناو ئۆتۆمبێلەکەیشی ئاڵایەکی رەشی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش دۆزراوەتەوە و بە هوتافی (ئەللاهوئەکبەر) بەناو خەڵکی کەوتووە.
باسنيوز
