کەرکووک.. حەشدی شەعبی زۆربەی چەکدارەکانی لە گەڕەکە کوردییەکان جێگیر دەکات
کاوە ئەحمەد، کارگێڕی لقی 3ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک ڕاگەیاند، دوای داگیرکردنی کەرکووک لە لایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە، چەکدارانی ئەو میلیشیایانە کردەوەی زۆر قێزەون دژ بە ھاووڵاتییان ئەنجام دەدەن و ”دەستیان بەسەر ماڵی خەڵکدا گرتووە و ئینجا بارەگای حزبەکانیان داگیرکرد، بە تایبەت بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک“.
کاوە ئەحمەد هەروەها رایگەیاند، حەشدی شەعبی زۆربەی ئەفسەرە کوردەکانی کەرکووکیان لاداو و دەیانەوێ هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک بە تەواوی بخەنە ژێر رکێفی خۆیان.
هەروەک ئەو بەرپرسەی پارتی رایگەیاند، حەشدی شەعبی زۆربەی چەکدارەکانی بە زرێپۆش و تانکەوە لە گەڕەکە کوردنشینەکان جێگیر کردووە و دەیان بازگەیان لەناو شارەکە بۆ هەراسانکردنی هاووڵاتییانی کورد، داناوە.
باسنیوز
