سەرکردایەتیی یەکێتی بڕیار لەبارەی لێژنەی لێکۆڵینەوە لە ڕادەستکردنی کەرکووک دەدات
بەپێی زانیارییەکان ئەمڕۆ چوارشەممە 1/11/2017، کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بەڕێوە دەچێت و تێیدا بڕیاری دەست بەکاربوونی ئەو لێژنەیە دەدرێت کە بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەی (ڕادەستکردنی کەرکووک لەلایەن گرووپێکی نێو یەکێتییەوە) دەدات، دواتریش سەرکردایەتیی یەکێتی بڕیاری خۆی لەسەر لێژنەکە دەدات.
لەمبارەیەشەوە سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و گەتبێژی یەکێتی ڕاگەیاند: ”ئەمڕۆ کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەکرێت"، بەڵام ناوەڕۆکی تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەی ئاشکرا نەکرد.
لەلایەن خۆیەوە فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”ڕۆژی پێنجشممە داندراوە بۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و لەوێ سەرجەم ئەو پرسانە باس دەکرێن کە لەم ماوەیەدا ڕوویان داوە".
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەر، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنان بە چاوساخیی گرووپێکی یەکێتی کە (پاڤڵ تاڵەبانی، ئاراس و لاهور جەنگی، ئاڵا تاڵەبانی، ڕەفعەت عەبدوڵا و ئاسۆ مامەند) سەرۆکایەتی دەکەن، هێرشیان کردە سەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و لە ئەنجامدا دەستیان بەسەر کەرکووک و خانەقین و خورماتوو و زۆر ناوچەی دیکەدا گرت و سەدان کەسیان شەهید و بریندار کرد، لە ئەنجامیشدا نزیکەی 200 هەزار کەس ئاوارە بوون.
دواتر لە 18/10/2017، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو، دەکەوێتە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی“ کە مەبەستی ئەو گرووپەی یەکێتی بوو کە کەرکووکیان ڕادەستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کرد.
پاشان لە یەکەمین کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کە دوای خیانەتەکەی 16ی ئۆکتۆبەر ئەنجام درا، بڕیاری پێکهێنانی لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکانی کەرکووک و خورماتوو دەرکرا.
باسنیوز
