کچێکی کوردی ئێزدیی رفێندراو دەدۆزرێتەوە
ڤیان دەخیل، پەرلەمانتاری کوردی ئێزدی لە پەرلەمانیی عێراق، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە، ئەو کچە تەمەنی هەشت ساڵە.
ڤیان دەخیل هەروەها رایگەیاندووە، کە ئەو کچە ناوی خۆی و کەسوکارەکەی نازانێ و ئیستا لە خانەیەکی منداڵانی بێ سەرپەرشتە.
ئەو پەرلەمانتارە کوردە ئاماژەی بە گەورەیی ئەو کارەساتانە کردووە، کە چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بەسەر کوردانی ئێزدییاندا هێناوە، کە بووەتە هۆی ئەوەی ئەو کچە ناوی خۆی و کەسوکارەکەی لەبیر بکات.
دوای داگیرکرن شاری شنگال، چەکدارانی داعش جگە لە کوشتنی خەڵکەکە و وێرانکردنی شارەکە، هەزاران کچ و ژنی کوردی ئێزدییان رفاند و لە نێوان خۆیاندا کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرد.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، نزیکەی نیوەی خاکی عێراق، (شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار) لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
باسنيوز
