سەرۆك بارزانی: ھیچ کەس بەقەد من ھەستی بەو بۆشاییە نەکردووە کە مام جەلال جێی ھێشتووە

سەرۆك  بارزانی: ھیچ کەس بەقەد من ھەستی بەو بۆشاییە نەکردووە کە مام جەلال جێی ھێشتووە
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان تاجە گوڵینەی لەسەر گۆڕی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق دانا و ڕای گەیاند کە کەس بەقەد ئەو، ھەستی بەو بۆشاییە نەکردووە کە تاڵەبانی جێی ھێشتووە.

کەمێک لەمەوبەر، مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە دەباشانی شاری سلێمانی، تاجە گوڵینەی لەسەر گۆڕی مام جەلال دانا. دواتریش بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە ھەرێمی کوردستان ھەمیشە پێی خۆش بووە بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکات و ھیوای خواست، کۆچی دوایی مام جەلال دەرفەتێک بێت بۆ ئەوەی لایەنی عێراقیش بەخۆیدا بچێتەوە.

ھاوکات جەختی لەوە کردەوە: ”کەس بە قەد من ھەست بەو بۆشاییە ناکات کە مام جەلال بەجێی ھێشت. زۆر گرفت ھەبووە بە یەک تەلەفۆن لەنێوانماندا چارەسەر دەبوو“.

ھیوای ئەوەشی خواست: ”یەکێتی و پارتی و ھەموو لایەنەکانی دیکەش دەرس لە ڕابردوو وەربگرین و برایانە ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بدەین“.

سەرۆک بارزانی ئاماژەشی بەوە کرد کە ھەموو ھەوڵێکیان بۆ یەکڕیزیی کوردستان دەدەن.



باسنیوز
Top