د. دلێر شاوێس: پێویستە لایەنەکان بە کۆدەنگیی نیشتمانی ئامرازێک بۆ سەربەخۆیی ببینەوە
مامۆستایەکی زانکۆ کۆدەنگیی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە گرینگ وەسف دەکات بۆ ئەم قۆناغە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، پێویستە کۆدەنگییەک لە ھەرێمی کوردستان دروست بکرێت، تا ئامرازێک ببینەوە بۆ بەدەستھێنانی سەربەخۆیی و گەیاندنی ئەنجامی ڕیفڕاندۆم بە ئامانج، دکتۆر (دلێر شاوێس)، مامۆستای زانکۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە ٢٥ی ئەیلوولدا گەلی کوردستان توانی بڕیاری خۆی بدات و زۆرینەی خەڵکی کوردستان دەنگیان بۆ ئەوەدا سەربەخۆ بن و جیا ببنەوە لە عێراق، ئێستا دوای ڕیفڕاندۆم پێویستمان بە کۆدەنگییەکی ناوخۆ ھەیە بۆ ئەوەی ئەنجامی ڕیفڕاندۆمی ٢٥ی ئەیلوول بکەینە ئامرازێک و دانوستان لەگەل بەغدا و جیھان بکەین تا ئەو مافەی سەربەخۆیی بۆ گەلەکەمان بەدەست بێنین. بە بۆچوونی من، ئێستا یەکگرتوویی و کۆدەنگیی ھێز و لایەنە سیاسییەکان پێویستە و بەر لە ھەموو شتێک و ھەنگاوێک ئەوە بکرێت، تا بتوانین ئەو پڕۆسە گرنگ و چارەنوسسازەی خەڵکی کوردستان بگەیەنین بە ئامانج و میللەتەکەمان بگات بە سەربەخۆیی.''
ئابووریی بەھێز بنەمای ھەر دەوڵەتێکە لە سەردەمی ئێستادا و وڵاتانی جیھان زۆر جار لەسەر بنەمای ئابووریی بەھێز بڕیاری سیاسی دەدەن. لەم بارەوەیە، (د. دلێر شاوێس) گوتی: ''ھەرێمی کوردستان ھەموو ئامادەیییەکی تێدایە بۆ جیابوونەوە و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، چونکە ھەرێمی کوردستان دەوڵەمەندە بە سامانی چاندن و نەوت و پیشەسازی و ئاو و ھێزی مرۆیی، کەواتە لە کاتی دروستکردنی دەوڵەتدا دەتوانین خۆمان بەڕێوە بەرین و داھاتی خۆمان بەشی ئەوەی ھەیە، دەوڵەتی پێ دروست بکەین، بەتایبەت کوردستان دەوڵەمەندە بە سامانی سرووشتیی سەرزەوی و ژێرزەوی و ئەوەش کۆلەکەیەکی باشی ئابووریی دەوڵەتی داھاتووی کوردستان دەبێت، بەتایبەتی ئەگەر بتوانین بە شێوەیەکی باشتر ئیدارەی نەوت و سامانی ھەرێمی کوردستان بکەین، پێم وایە ئەگەر سبەی جیا ببینەوە لە عێراق لە ڕووی خۆبەڕێوەبردنەوە ھیچ کێشەیەکمان نابێت.''
kdp-
