د. کاوە شاوڵی: فەرەنسا بە گرینگییەوە دەڕوانێتە کوردستان...گوشاری عەبادی دۆخەکە ناگۆڕێت
ئەمڕۆ (حەیدەر عەبادی)، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەگاتە فەرەنسا، ئاژانسە عێراقییەکان باس لەوە دەکەن، کە فەرەنسا لەسەر پرسی تیرۆر و ئابووری و پەیوەندیی سیاسی و کۆتاییی شەڕی داعش و ڕیفراندۆم لەگەڵ (عەبادی) قسە دەکات. حکوومەتی فەرەنساش دووپاتی کردووەتەوە کە بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
چوونی (عەبادی) لە کاتێکدایە کە کۆمەڵێک ڕێکاری توندی لە دژی کوردستان گرتووەتە بەر. (د. کاوە شاوڵی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئەمڕۆ (حەیدەر عەبادی)، سەرۆکوەزیرانی عێراق دێتە فەرەنسا. هەڵبەت بەشێکی زۆری سەردانەکە باسی پرسی ڕیفراندۆمە لە کاتێکدا ئێستا حکوومەتی فەرەنسا باش لە ئێش و ئازاری گەلی کوردستان تێگەیشتووە و فەرەنسا هاوسۆزە بۆ هەرێمی کوردستان و لە ئاستی سەرۆکی فەرەنسادا سەردانی کوردستانیان کردووە و یەکێک بووە لەو وڵاتانەی لەسەر پرسی ڕیفراندۆم کاردانەوەی سلبیی نەبووە، ڕەنگە یەکێک لە گلەیییەکانی لە حکوومەتی عێراقیش ئەوە بێت، کە وەک پێویست نەیتوانیوە کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا ڕازی بکات. (عەبادی)ش ئێستا هەندێک هەنگاوی ناوە لە دژی کوردستان، لەڕاستیدا حکوومەتی فەرەنسای نیگەران کردووە و دوور نییە لە دوای سەردانی (عەبادی)، (سەرۆک بارزانی)ش سەردانی فەرەنسا بکات، چونکە ئەوان دەیانەوێت هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، چونکە پێشمەرگە ڕۆڵی گرنگی بینیوە لە ئازادکردنی ئەو ناوچانەی بەدەست داعشەوە بوون و فەرەنسا پێشتر و ئیستاش ئامادەیی دەربڕیووە بۆ هاوکاریکردنی کوردستان و هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا.''
(د. کاوە شاوڵی) ئەوەیشی خستە ڕوو: ''فەڕەنسا سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی ئاسایش وەردەگرێت، کە ئەم سەرۆکایەتییە بە شێوەی خول لە نێوان وڵاتاندا دابەش کراوە. بوونی فەرەنسا لەو پۆستەدا کاریگەریی باش و ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر هەرێمی کوردستان و چارەنووسی داهاتووی کوردستان، چونکە یەکێکە لە دۆستە دێرینەکانی گەلی کوردستان و لەو باوەڕەم (عەبادی) ناتوانێت فەرەنسا ڕازی بکات تا فشار لەسەر کوردستان بکات، چونکە فەرەنسا خۆی لەناو چوارچێوەکەدایە و ئاگاداری زۆرێک لە شتەکانە.''
kdp-
