شارەزایەکی یاسای نێودەوڵەتی: بەبێ رەزامەندی بەغدایش دەتوانرێ سەربەخۆیی رابگەیەندرێت

شارەزایەکی یاسای نێودەوڵەتی: بەبێ رەزامەندی بەغدایش دەتوانرێ سەربەخۆیی رابگەیەندرێت
شارەزایەکی یاسای نێودەوڵەتی پێی وایە، بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەگەر بەغدا ڕازی نەبێت بە جیابوونەوەی ھەرێمی کوردستان، ئەوە گەل ئەو دەسەڵاتەی بە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان داوە، کە بڕیار لەبارەی ئەنجامی ڕیفڕاندۆمەوە بدەن و دەتوانرێ بەبێ ڕازیبوونی بەغداش دەوڵەتی سەربەخۆ ڕابگەیەندرێت. دەشڵێت، ڕیفڕاندۆم پڕۆسەیەک بوو بۆبە ڕابردوو، ئێستا ئەوەی ھەیە ڕاگەیاندنی دەوڵەتە.

بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆمی ھەرێمی کوردستان مافی گەلی کوردستانە بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی، وەک ھەر گەلێکی دیکەی جیھان. خەڵکی کوردستان بۆ یەکەمجار لە ٢٥ی ئەیلوودا توانی بڕیار لەبارەی چارەنووسی خۆیەوە بدات. (سیروان حەمە شەریف)، پسپۆڕی یاسای نێودەوڵەتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕیفڕاندۆم مافی ھەموو گەلانی جیھانە، بە مەرجێک ھەر گەلێک خاک و دەسەڵاتێکی ھەبێت بۆ بەڕێوەبردن، مافی ئەوەیشی ھەیە لە ڕێگەی ڕیفڕاندۆمەوە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و ئەگەر ڕێژەی زیاد لە نیوەی دەنگەکانی بەدەست ھێنا، ئەوە مافی خۆبەڕێوەبردن بە شێوەی سەربەخۆیی ھەیە، واتە دەتوانێت ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ و کیانێکی تایبەت بەخۆی ھەبێت. ھەر لە کۆنەوە، لە سەدەی ١٦ەوە ئەو مافە بە گەلانی جیھان دراوە، بەڵام پێشتر خەڵک لە گۆڕەپانێک کۆ دەبوونەوە و کەسێکیان دەستنیشان دەکرد، دواتر گۆڕانکاری بەسەردا ھات و خەڵک نوێنەریان بۆ دەزگەی یاسادانان ھەڵدەبژارد، وەک پەرلەمانی ئێستا، ئەوەی ئێستا پێی دەگۆترێت دیموکراسیی ڕاستەوخۆ، واتە کەس لەبری کەسی دیکە بڕیار نادات ھەر ھاووڵاتییەک مافی ھەیە خۆی بڕیاری خۆی بدات.''

ئەوەی ھەرێمی کوردستان لە ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوولدا ئەنجامی دا، کە پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی بوو، ھیچ پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان نەبووە، وەک ئەو شارەزایە ئاماژەی بۆ دەکات: ''بە گوێرەی ئەو مافەی نەتەوە یەکگرتووەکان دیاریی کردووە و ڕێککەوتنی لەسەر ھەیە گەلی کوردستان پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمی بەڕێوە برد و ئەگەر بێت و بەغدا بە دانوستان ڕازی نەبوو بۆ جیابوونەوەی ھەرێمی کوردستان، ئەوە ھەر بە گوێرەی یاسا ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان ئەو دەسەڵاتەیان داوەتە دەست سەرکردایەتیی خۆیان و دەتوانن بەبێ ڕازیبوونی بەغدا دەوڵەتی سەربەخۆ ڕابگەیەنن، بەڵام ھەرێمی کوردستان خوازیاری ئەوەیە بە ئاشتییانە و ڕێککەوتن لەگەل بەغدا ئەو مافەی گەلی کوردستان بەدی بێت.''

لەبارەی مەرجەکانی بەغدا بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ڕیفڕاندۆمی ھەرێمی کوردستان، (سیروان حەمە شەریف) دەڵێت: ''ڕیفڕاندۆم بوو بە ڕابردوو، شتێک نییە ھێشتا نەکرابێت و لێی پاشگەز بینەوە، تا ٢٥ی ئەیلوول دەتوانرا ڕیفڕاندۆم نەکرێت، یان دوابخرێت، بەڵام کە ڕیفڕاندۆم کراوە، بە ھیچ شێوەیەک ھەڵناوەشێتەوە، واتە شتێکی واە نییە بڕیار بەدەست کەسێک، یان دەزگەیەک بێت بۆ ئەوەی بتوانێ بڵێ ئەوە ئەنجامەکە ھەڵوەشایەوە، یان قبووڵ کرا، ڕیفڕاندۆم کراوە و ئەنجامەکەیشی دیارە، مەحاڵە ئەو شتە ڕوو بدات و ھەرێمی کوردستانیش بە ھیچ شێوەیەک بەو مەرجە ڕازی نابێت، چونکە شتێک بە ناوی ڕیفڕاندۆم نەماوە قسەی لەسەر بکرێت. بۆ نموونە ناکرێت بڵێین بەرەی کوردستانی ھەڵبوەشێتەوە بەرە سەردەمێک دامەزراوە و بووە بە ڕابردوو، شتێک بە ناوی بەرەی کوردستانی نەماوە، ڕیفڕاندۆمیش بە ھەمان شێوە پڕۆسەیەک بوو ئەنجام درا و بووەتە ڕابردوو، ئەوەی ھەیە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆیە و پێویستە جێبەجێ بکرێت.''
kdp-
Top