پووتین: لە بەرژەوەندیی کەسدا نییە پێوەندیی ئابووری لەگەڵ هەرێم ببڕێت..کەس ڕێ لە هەناردەی نەوتی هەرێم ناگرێت

 	 پووتین: لە بەرژەوەندیی کەسدا نییە پێوەندیی ئابووری لەگەڵ هەرێم ببڕێت..کەس ڕێ لە هەناردەی نەوتی هەرێم ناگرێت
سەرۆکی ڕووسیا جارێکی دیکە بە گوتارێکی ئەرێنی لە بەرانبەر هەرێمی کوردستاندا ئەمڕۆ لە مۆسکۆ دەرکەوت و ڕایگەیاند، پێوەندیی مێژووییمان لەگەڵ هەرێمدا هەیە و، گوتیشی، لە بەرژەوەندیی کەسدا نییە ڕێگری لە نەوتی هەرێم بکات، کەسیش ئەو کارە ناکات، کە نەوتی هەرێم ڕابگرێت.

تا دێت هەڵوێستی ڕووسیا بە ئاراستەی پشتگیریکردن لە گەلی کوردستان دەردەکەوێت، ئەمڕۆ لە ڕێوڕەسمی دەستپێکردنی کۆڕبەندی وەزەی ڕووسیا لە مۆسکۆ، سەرۆکی ڕووسیا، (ڤلادیمێر پووتین) لە گوتارەکەیدا ڕۆشنایی خستە سەر پێگەی هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند: ''لە بەرژەوەندیی هیچ لایەکدا نییە، نەوتی هەرێم ڕابگرێت، ئەمە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، کەسیش ئەمە ناکات.''

لەبارەی ئەنجامی ڕیفراندۆمەوە کە گەلی کوردستان بڕیاری لەبارەی چارەنووسی خۆیەوە دا و لە سەرووی ٩٢% دەنگی گەل بەڵێ بوو، (پووتین) دەڵێت: ''ئێمە وەک ڕووسیا دەست ناخەینە کاروباری نێوخۆی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵام ڕۆڵێکی ئەرێنی دەبینین بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و نامانەوێت گرژی ڕوو بدات.''

سەرۆکی ڕووسیا ئەوەیشی گوت: ''ڕووسیا پێوەندیی مێژووییی باشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و لەگەڵ ئەوەی دەستناخەینە کاروباری پێوەندیی نێوان هەرێم و عێراق، بەڵام لایەنەکان بۆ گفتوگۆ بانگهێشت دەکەین.''

kdp-
Top