عەبدولڕەحمان مستەفا: کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان جارێکی دیکە ناگەڕێنەوە ژێر ڕکێفی بەغدا
بەغدا لە پەرلەمانی عێراقدا بە نادەستووری و یاسایی هەڕەشەی زۆری لە هەرێمی کوردستان کرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەی کە هەڕەشەکان بەبۆچوونی چاودێرانی سیاسیی تەنیا بۆ مەرامی هەڵبژاردنە لە هەمانکاتیشدا هێزی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی کە لە ئێستادا لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا بوونیان هەیە بۆ شەڕی دژ بە داعش جەخت لە هاکاری زیاتر و مەشقی زیاتر بە پێشمەرگە دەکەنەوە و دووپاتیش دەکەنەوە کە ڕێ بە هیچ کردەیەکی سەربازی دژی هەرێم نادەن.
(عەبدولڕەحمان مستەفا)، پارێزگاری پێشووی کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ھەڕەشەکانی عێراق ھیچ کاریگەرییان لەسەر ڕەوشی کەرکووک و ناوچەکانی سنوری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق نییە و ناشبێت، چونکە ئەو ناوچانە لە لایەن ھەرێمی کوردستانەوە بەڕێوە دەبرێن و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەرکی پاراستنیانی لەئەستۆ گرتووە، دەوڵەتی عێراقیش ئەو ھێزەی نەماوە دەست بەسەر ئەو ناوچانەدا بگرێت و ھێشتا شەڕی داعش کۆتایی نەھاتووە تا عێراق بتوانێت ھێز لە ناوچەکانی دیکەی ماددەی ١٤٠یش بڵاوە پێ بکات، ھیواداریشین عێراق دەست لەو ھەڕەشانە بەربدات و بڕیاری پەرلەمان بۆ بڵاوکردنەوەی ھێز لەو سنوورانە جێبەجێ ناکرێت.''
لەبارەی داھاتووی کەرکووکەوە، بەتایبەت قۆناغی دوای ڕیفڕاندۆمی ھەرێمی کوردستان، (عەبدولڕەحمان مستەفا) دەڵێت: ''کەرکووکیش وەک ناوچەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان بە ھەموو پێکھاتەکانییەوە بەشداریی لە ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆییدا کردووە و ئەنجامەکەیشی دیارە چەندی خەڵکی کوردستان لەگەڵ جیابوونەوەن، لەبەر ئەوە پێم وایە داھاتووی کەرکووک لەگەڵ ھەرێمی کوردستانە و جارێکی دیکە زەحمەتە کەرکووک بگەڕێتەوە ژێر ڕکێفی حکوومەتی بەغدا.''
kdp-
