نەتەوە یەکگرتووەکان داوای دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات

 	 نەتەوە یەکگرتووەکان داوای دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق کرد و لە دیدارەکەدا (یان کۆبیش) رایگەیاند، نەتەوە یەکگرتووەکان دەخوازێت بەر لە هەر هەنگاوێک رێگری لە پەرەسەندنی گرژیەکان بكرێت و بنەمایەکی هاوبەش بۆ دانوستانێکی بنیاتنەر لە نێوان هەولێر و بەغدا بدۆزرێتەوە و رێگری بکرێت لە دەستێوەردانی لایەنی دەرەکی لەم کێشانەدا.

ئەمرۆ 4/10/2017 (مەسروور بارزانی) راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە (یان کۆبیش) نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق کرد.

لەم دیدارەدا دوا رەوشی سیاسیی عێراق و کاردانەوەکانی دوای ریفراندۆمی کوردستان تاوتوێ کران.

راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کاردانەوەکانی بەغدای لە دوای ریفراندۆم بە زیادەڕۆیی و نادەستووری پێناسە کرد و ئاماژەی بەو ئەوە دا، کە گەلی کوردستان هەنگاوێکی دیموکراتیک و دەستوریی ناوە بۆ دەربڕینی ویستی خۆی، ریفراندۆم هەنگاوێک بووە بۆ چارەسەریی ئەو کێشانەی بە تاقیکردنەوەی هەموو رێکارەکانی دیکە چارەسەر نەکراوە. هەر لە پەیوەندی بەو رەوشەوە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش جەختی لەوە کردەوە، کە هەرێمی کوردستان پێش ریفراندۆم و دوای ریفراندۆم دەرگاکانی گفتوگۆی بە کراوەیی هێشتۆتەوە و هەرێم خوازیارە بە رێگەی ئاشتیانە بە ئاراستەی بە ئەنجام گەیاندنی ویستی گەلانی کوردستان هەنگاو بنێت.

لە پەیوەندی بەم رەوشەوە (یان کۆبیش) ئاماژەی بە ئەوە کرد کە نەتەوە یەکگرتووەکان دەخوازێت بەر لە هەر هەنگاوێک رێگری لە پەرەسەندنی گرژیەکان بکرێت و بنەمایەکی هاوبەش بۆ دانوستانێکی بنیاتنەر لە نێوان هەولێر و بەغدا بدۆزرێتەوە و رێگری بکرێت لە دەستێوەردانی لایەنی دەرەکی لەم کێشانەدا و جەختی لە سەر رۆلی نەتەوە یەکگرتووەکان کردەوە، کە نیازی ئەوەیان هەیە هەردوولا هان بدەن دوور لە گرژی هەرچی زووتر دەست بە دانووستان بکەنەوە.
kdp-
Top