سەرکردەیەکی پارتی ویفاقی نیشتیمانی: سەربەخۆیی بە مافی رەوایی گەلی کوردستان دەبینین
پەرلەمانی عێراق ١٣ بڕیاری دژی ھەرێمی کوردستان دەرکردووە، کە وەک سزادانی ھەرێمی کوردستانە. چاودێرانی سیاسی و یاساییش دەڵێن، بڕیارەکان پێچەوانەی دەستوور و یاسان، ئەمەش وەک کاردانەوە دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی.
نوێنەری پارتی ویفاقی نیشتمانیی عێراق، بە سەرۆکایەتیی (ئەیاد عەلاوی) لە ھەرێمی کوردستان، (عەلا مەکی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ھەر میللەتێک مافی خۆیەتی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، چونکە ئەمە مافێکی دیموکراتی و مرۆییی ھەر میللەتێکە، بۆیە کوردیش مافی خۆیەتی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، ھەر لەبەر ئەمەش ئێمە پشتگیری لە میللەتی کورد دەکەین و بە مافێکی ڕەوای ئەوانی دەزانین تەعبیر لە ڕای خۆیان بکەن، بەڵام ھەندێک ناکۆکی بەو ھۆیەوە لە نێوان ھەرێم و بەغدا دروست بوونە، کە پێویستە بە گفتوگۆ ئەو ناکۆکیانە لە نێوان ھەردوو لادا چارە بکرێن.''
لەبارەی دەستپێشخەرییەکەی سەرۆکی پارتەکەی ئەو لەبارەی چارەکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا، (عەلا مەکی) گوتی: ''جێگری سەرۆککۆماری عێراق، (ئەیاد عەلاوی) دەستپێشخەرییەکی کردووە و سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیش مەبدەئیەن پێی ڕازی بووە و ئێستا گەڕاوەتەوە بەغدا و لەوێ لەگەڵ لایەنی عێراقیش کۆ دەبێتەوە و ڕای ئەوانیش لەسەر دەستپێشخەرییەکە وەردەگرێت و دواتر دەگەڕێتەوە ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی گفتوگۆ لە نێوان ھەردوو لا ئەنجام بدرێت، چونکە تەنھا گفتوگۆ دەتوانێت کێشەکان چارە بکات.''
(عەلا مەکی) دەڵێت: ''ئێمە جارێ نامانەوێت باس لە ئەنجامی دەستپێشخەرییەکە بکەین، بۆ ئەوەی گرفتی بۆ دروست نەبێت و ئەنجامی ھەبێت و ھەرکاتێک ئەنجامەکەی دیار بوو، ئەوکات ئاشکرای دەکەین.''
لەبارەی ھەڵوێستی وڵاتانی ھەرێمییەوە سەبارەت بە پرۆسەکە، ئەو گوتی: ''ئێمە بە ھەموو شێوەیەک پشتگیری لە کورد دەکەین و ھەڵوێستی وڵاتانیش لەبارەی پرۆسەی ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیییەوە، ئەوان بە پێی بەرژوەندیی خۆیان مامەڵە دەکەن و بۆ بەرژوەندیی خەڵکی عێراق نییە.''
kdp-
