بەرپرسانی ئیدارەی قەرەتەپە داوا دەکەن هێزی زیاتری پێشمەرگە بۆ ناوچەکەیان بنێردرێت
كەمال ئیبراهیم، بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە قەرەتەپە، ڕایگەیاند: "ئێستا دۆخی قەرەتەپە جێگیر نییە، چونكە ئەو ناوچانەی كە لەژێر دەسەڵاتی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی دان، ئاڵۆزی و پشێوییان تێدایە، حەشدی شەعبی هۆكارە، پێشتریش داوای هێزی زیاتری پێشمەرگەمان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ هێزێك بۆ سنوورەكەمان نەنێردراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ناوچەكەمان پێویستی بە هێزی زیاتری پێشمەرگە هەیە بۆ پاراستنی سنوورەكان".
لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا عەلی فدعە، موختاری یەكێك لە گوندەكانی سنووری قەرەتەپە و یەكێك لە شێخە عەرەباكانی سنوورەكە لەلایەن ژمارەیەك كەسەوە ڕفێندراون، ئەو بەرپرسە دەڵێت: "پێش ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، (عەلی فدعە) بەڵێنیی ئەوەی دابوو، ئەگەر بێت و سەریشی لە لاشەی جیا بكەنەوە ئەوا دەنگ بە (بەڵێ) بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەدات".
ئەو بەرپرسەی ناوەچەی قەرەتەپەی پارتی، ڕوونیشی كردەوە، شتەكان ڕوونن و دەبینرێن، كە دەستی حەشدی شەعبی لە پشتی ئەو ڕووداوانەوەیە، باشە ئێمە دەپرسین بۆ ئەو ناوچانەی كە پێشمەرگەیان تێدایە تەقەی تێدا ناكرێت؟.
باسنیوز
