ڕاوێژکارێکی فوئاد مەعسوم: تەرمی تاڵەبانی ڕاستەوخۆ لە ئەڵمانیاوە دەگاتە سلێمانی

 ڕاوێژکارێکی فوئاد مەعسوم: تەرمی تاڵەبانی ڕاستەوخۆ لە ئەڵمانیاوە دەگاتە سلێمانی
ڕاوێژکارێکی سەرۆک کۆماری عێراق ئاشکرای کرد، تەرمی مام جەلال، لە شاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیاوە، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەگەڕێندرێتەوە.

عەبدوڵا عەلیاوەیی، ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق، ڕایگەیاند، رۆژی هەینیی داهاتوو، بە فڕۆکەیەکی تایبەتیی هێڵی ئیسمانیی عێراقی، لە ئەڵمانیاوە تەرمی سەرۆک مام جەلال بۆ سلێمانی دەهێندرێتەوە“.

لەبارەی ئەوەی کە ئاخۆ ڕاگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەکانی فڕۆکەخانەکانی کوردستان لەلایەن عێراقەوە، کاریگەریی لەسەر گەڕاندنەوەی تەرمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەبێت یان نا؟ عەلیاوەیی گوتی: ”ئەو فڕۆکەخانانە بۆ کۆمپانیا بیانییەکان ڕاگیراوە، بەڵام ھێلی فرۆکەوانیی عێراقی ئاساییە و دەتوانێت گەشتەکە ئەنجام بدات“.

ڕوونیشی کردەوە کە ئەو فڕۆکە تایبەتە عێراقییەی تەرمی تاڵەبانی بۆ سلێمانی دەهێنێتەوە، هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە فڕۆکەوانییەکانی عێراق دەبێت و لە فڕۆکەخانەی سلێمانی دەنیشێتەوە.

بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 4/10/2017، سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی فەرمیی یەکێتی باسی لەوە کرد کە لایەنی عێراقی داوای کردووە، تەرمی تاڵەبانی ببرێتە بەغدا و دواتر بۆ کوردستان بهێندرێتەوە.













باسنیوز
Top