سەعدی پیرە: ئەگەر بەرپرسانی یەکێتی خۆیان بەلاڕێدا نەبەن دەتوانن لەسەر نەخشەڕێگەی تاڵەبانی بڕۆن

 سەعدی پیرە: ئەگەر بەرپرسانی یەکێتی خۆیان بەلاڕێدا نەبەن دەتوانن لەسەر نەخشەڕێگەی تاڵەبانی بڕۆن
گوتەبێژی فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕای گەیاند، ئەگەر بەرپرسانی حزبەکەی خۆیان بە لاڕێدا نەبەن، دەتوانن لەسەر نەخشەڕێگەی مام جەلال بڕۆن و بەردەوامی بە کارەکان بدەن.



لە پرێس کۆنفرانسێکدا کە کەمێک لەمەوبەر ئەنجامی دا، سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی فەرمیی یەکێتی، ئاماژەی بە ڕۆڵ و کاریگەریی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی حزبەکەی و سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق، لە قۆناغەکانی خەباتی ڕزگاریخوازی کوردستان و بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی عێراق و کوردستان و ناوچەکە کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ”چەندان جار بەغدا گەیشتە سەر لێواری شەڕی تائیفی، بەڵام مام جەلال فریای کەوت“. هاوکات ئاماژەشی بە پێگەی مام جەلال لەلایەن بەرپرسانی وڵاتانی ناوچەکە کرد.



لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەی ئاشکرا کرد کە تاڵەبانی لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و (کەمال بورکای، عەبدولڕەحمان قاسملۆ و عەبدوڵا ئۆجەلان) بیرۆکەی یەکێتیی نەتەوەییان داناوە.



پیرە ئەوەشی ڕوون کردەوە کە کاتژمێر 3ی دوای نیوەڕۆی دوێنێ سێشەممە 3/10/2017، لە نەخۆشخانەیەکی شاری بەرلین لە ئەڵمانیا، تاڵەبانی کۆچی دوایی کردووە و ڕۆژی هەینی تەرمەکەی دەگەڕێندرێتەوە کوردستان و هەمان ڕۆژ بەخاک دەسپێردرێت. گوتیشی: ”ڕۆژی یەکەمی پرسەکەی تەنیا لە سلێمانی دەبێت، بەڵام ڕۆژی دووەم لە شارەکانی (سلێمانی، هەولێر، کەرکووک و چەند شوێنێکی دیکە) دەبێت. عێراقییەکان دەخوازن ئەگەر بکرێ مام جەلال بە بەغدادا بێتەوە و لەوێ پرۆسەیەکی شکۆداری بۆ بگێڕن“.



لە بارەی داهاتووی یەکێتییەوە گوتەبێژی فەرمیی ئەو حزبە ئاماژەی بەوە کرد: ”ئەو کەسەی خۆی بەلاڕێدا نەبات، نەخشەڕێگەی مام جەلال ئەوەندە پڕ پێچ و پەنا و ئاڵۆز نەبوو. ئەو لە کاری سیاسی و هەڵسەنگاندنی بۆ کێشەکان و داڕشتنی شێوەی چارەسەرکردنی کێشەکان، بە ئاسانی کارەکانی دەکرد. بەرپرسانی یەکێتی، ئەگەر خۆیان بەلاڕێدا نەبەن، دەتوانن زۆر بە ئاسانی لەسەر نەخشەڕێگەی سەرۆک مام جەلال بەردەوام بن“.




باسنیوز
Top