حکوومەت بەبۆنەی کۆچی دوایی تاڵەبانی ئاڵای کوردستان دەهێنێتە خوارەوە
رۆژی سێشەممە 3/10/2017، جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق لە تەمەنی 83 ساڵیدا لە نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد، دوای ئەوەی ماوەی نزیکەی پێنج ساڵ بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە، لە کاری سیاسی دوور کەوتەوە.
بەهۆی کۆچی دوایی تاڵەبانییەوە، کە لە سەرەتای گەنجێتییەوە دەستی بە خەبات بۆ رزگاریی گەلی کوردستان کرد، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان یەک هەفتە ماتەمی گشتیی لە کوردستان راگەیاند.
سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی حکوومەتی راگەیاندووە، کە “بەم بۆمنە خەمناکەوە” و بە فەرمانی سەرۆک بارزانی، بۆ ماوەی هەفتەیەک ئاڵای کوردستان و عێراقی فیدرال لە دامودەزگا فەرمییەکان تا نیوە دەهێنرێتە خوارەوە.
سەفین دزەیی داوای لە ناوەندە میدیایی و دەزگاکانی راگەیاندنی کوردستانیش کردووە، کە “بەڕێزەوە” رەچاوی هەفتەی ماتەمی گشتیی لە کوردستان بکەن.
باسنیوز
