چەندین پزیشک راژەکانیان بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا دەگوازرێتەوە

چەندین پزیشک راژەکانیان بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا دەگوازرێتەوە

لە دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، کۆبوونەوەیەک لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی تەندروستی بەڕێوەچوو.


ئەمڕۆ سێشەممە 3/١٠/٢٠١٧ لە دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بەسەرپەرشتیی د. یوسف گۆران، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و د. رێکەوت حەمە رەشید، وەزیری تەندروستی کۆبونەوەیەک بەڕێوەچوو، گفتوگۆ دەربارەی گواستنەوەی ڕاژەی پزیشکان و کارمەندانی دیکەی وەزارەتی تەندروستی بۆ سەر میلاکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەپێی پێداویستی کۆلێژەکانی کۆمەڵەی پزیشکی کرا.



بۆ ئەوەش د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: "پەیوەندییەکی زۆر لە نێوان کۆلێژەکانی پزیشکی و وەزارەتی تەندروستی ھەیە، بۆیە زۆرجار پێویستمان بەوەیە کە ھەڵگرانی ماستەر و دکتۆرا و بۆرد ڕاژەکەیان بگوازنەوە سەر وەزارەتی خوێندنی باڵا، چونکە زانکۆکانمان گەشەکردنێکی زۆریان بەخۆیەوە بینیوە، جگە لەوەش ئێستا وەزارەت ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەرکردنەوەی دوو کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی گەرمیان و زانکۆی زاخۆ".



لە بەرامبەردا د.ڕێکەوت حەمەڕەشید ڕەزامەندی لەسەر ئەو داوایەی وەزیری خوێندنی باڵا پیشاندا و رای گەیاند: "ئێمە لاریمان نییە لە گواستنەوەی ڕاژەکانیان، بەڵام دەبێ تەنسیب بکرێنەوە سەر وەزارەتی تەندروستی، چونکە دەمانەوێ لە پاڵ وانەوتنەوە کارەکانی ئێمەش لە نەخۆشخانەکان ڕایی بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ھەر پزیشکێک داوای گواستنەوەی ڕاژەکەی بکات دەبێ لارینەبوونی بەڕێوەبەری لایەنی پەیوەندیداری بھێنین".
bas news-
Top