پسپۆڕێکی زانستە سیاسییەکان: هەڕەشەکانی عێراق دەوڵەتی کوردستان زیاتر دەکاتە دیفاکتۆ

 	 پسپۆڕێکی زانستە سیاسییەکان: هەڕەشەکانی عێراق دەوڵەتی کوردستان زیاتر دەکاتە دیفاکتۆ
پسپۆڕێكی زانستە سیاسییەكان دەڵێت، نابێ عێراق دەست بۆ هەڕەشە و زمانی زبر ببات لە دژی هەرێم، تاكە چارە گفتوگۆی ئاشتییانەیە. چونكە بەو هەڕەشەوگوڕەشە و بڕیارانە زیاتر دەوڵەتی كوردستان بە دیفاكتۆ دەكات. ئاخر بە گوێرەی لێكدانەوە سیاسییەكان هیچ بڕیار و هەڕەشەیەکی عێراق قورسایی نییە.


بە هۆی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە بەغدا كۆمەڵێك بڕیاری لە دژی هەرێم دا. چاودێرانی سیاسی خاڵێ هەرە لاوازی عێراق لە بەرانبەر هەرێم لەوەدا دەبیننەوە، كە لە كورتترین ماوەدا هەموو كارتەكانی لە دژی هەریم بەكار هێنا، سەرەنجام تەواوی كارتەكانیشی پووچەڵ بوونەوە. هۆی ئەمەش بۆ ناسیاسیبوونی سیاسییەكانی عێراق دەگێڕنەوە.

(د. ڕێبوار بابكەیی)، پسپۆڕی زانستە سیاسییەكان و مامۆستای زانكۆ بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''عێراق بە دەركردنی بڕیار لە دژی هەرێم، یان لە ئەگەری بەكارهێنانی هێز لە بەرانیەر هەرێمدا زیانی زۆر گەورەی بەردەكەوێت، چونكە ڕای گشتی و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بەتایبەت یەكێتیی ئەوروپا و ئەمەریكا زیاتر لە كورد نزیك دەكاتەوە، ئاخر وەها كارێك دۆخی تەواوی عێراق تێك دەدات، ئەمەش لە لایەن ئەمەریكا و هاوپەیمانانییەوە قبووڵكراو نییە.''

(بابكەیی) جەختیشی كردەوە: ''ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی ئەركی ئەخلاقیی خۆیان لەبیر ناكەن، ئاخر كورد یەكەمین هێز بوو داعشی شكاند و ڕۆڵی سەرەكیی هەبوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا. لە لایەكی تریشەوە، ئەمەریكا و یەكە نێودەوڵەتییەكان حیساباتی جیۆسیاسی و هاوكێشەكانی هێز لەبەرچاو دەگرن، خۆ لە 2005ـەوە هەرێمی كوردستان سەنتەری باڵانسی ناوچەكەیە.''

ئەو پسپۆڕەی زانستە سیاسییەكان ئاماژەیشی دا: ''نابێ عێراق دەست بۆ هەڕەشە و زمانی زبر ببات لە دژی هەرێم، تاكە چارە گفتوگۆی ئاشتییانەیە. چونكە بەو هەڕەشەوگوڕەشە و بڕیارانەی زیاتر دەوڵەتی كوردستان بە دیفاكتۆ دەكات.''

(بابكەیی) ڕوونیشی كردەوە: ''عێراق لە دوای 2005ـەوە بەرەو وڵاتێكی تائیفی هەنگاوی نا، ئێستا سەدیسەد تائیفییە و وا بڕوات بە دیفاكتۆ خۆی دابەش دەبێت بۆ سێ بەشی سوننە، شیعە و كورد، چونكە هەموو جومگەكانی دەسەڵات لە ژێر دەستی شیعەدایە و زۆر بە خراپی بەكاریان دێنێت بۆ جێبەجێكردنی پلانەكانی ئێران لە ناوچەكەدا.''

(ڕێبوار بابكەیی) ئاماژەیشی دا: ''بە گوێرەی لیكدانەوە سیاسییەكان هیچ بڕیار و هەڕەشەیەكی عێراق قورسایی نییە. بۆ نموونە، ئەگەر عێراق ئاسمانی هەرێمی داخستووە، خۆ هەرێم هێزی ئاسمانیی نییە. ئەگەر هەیشیبا عێراق وەها كارێكی نەدەكرد. بۆ مەسەلەی جووڵاندنی هێز، (عەبادی) و هاوبیرانی لەو ڕاستییە دەگەن، كە ئەگەر هێز بجووڵێنن، ئەوا هێز هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێزەکەیان.''
kdp-
Top