هێمن هەورامی: ئێران و تورکیا هەر هەنگاوێکی کرداری بنێن خۆیان لە کوردستان زیاتر زیانیان بەردەکەوێت
هێمن هەورامی، بەرپرسی کاروباری سیاسی و پەیوەندییە گشتییەکانی نووسینگەی بارزانی لە وتارێکدا بە ناوی (ریفراندۆمی کوردستان و تورکیا و ئێران، پێوەرەکانی قازانج و زیان) کە لە پێگەی فەرمیی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە: ”پەیامی سەرکردایەتیی سیاسیی ئێمەبەر لە ریفراندۆم و دوای ریفراندۆمیش ئەوە بووە کە ئێمە لەسەر بنەمای دراوسێتیی باش، دەستێوەرنەدان لە کاروباری یەکتری، پابەند بوون بە بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی لە پاراستنی سنوورەکان، دروستکردنی باشترین پردی پەیوەندیی ئابووری، بازرگانی، سیاسی و فەرھەنگی، ھەماھەنگی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ھاوبەشەکان، پایەکانی سیاسەتی دەرەوەی خۆمان بەرامبەر ھەردوو وڵات دادەڕێژین“.
هەر لەو وتارەدا هەورامی بە ڕوونی ئاماژەی بە چۆنیەتی مامەڵەکردنی کوردستان لەگەڵ بارودۆخی وڵاتانی ئێران و تورکیا کردووە و ڕوونی کردووەتەوە کە کوردستان لە دوای ٢٠٠٣ ڕێگەی بەوە نەداوە ڕێکخراوی موجاهیدین خەلق بێنە کوردستان و چالاکیی سیاسی بکەن. جەختیشی لە ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە پێشخستنی پرسی کورد لە باکوور و ڕەنگدانەوەی لە سەرکەوتنی ڕیفراندۆمی ساڵی ڕابردووی تورکیا کردووەتەوە.
هاوکات بە چەندان بەڵگەی جۆراوجۆر ئاماژەی بەوە داوە کە لە ئەگەری بە کرداریکردنی هەر هەڕەشەیەکدا، کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆماری تورکیا خۆیان زەرەرمەند دەبن و لە ئێران ٥ ملیۆن کەس و لە تورکیا ٢٠ ملیۆن کەس لەسەر پەیوەندییە ئابوورییەکانی کوردستان ژیان بەسەر دەبەن.
باسنيوز
