سەعدی پیرە: نابێ لە بەرانبەر هەڕەشەكانی وڵاتانی دراوسێ چۆك دابدەین

 سەعدی پیرە: نابێ لە بەرانبەر هەڕەشەكانی وڵاتانی دراوسێ چۆك دابدەین
گوتەبێژ و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، نابێت لە بەرانبەر هەڕەشەكانی وڵاتانی دراوسێ چۆك دابەین.



سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژ و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكیتیی نیشتمانیی کوردستان ڕاگەیاند: لە هیچ پەرلەمانێكی دونیادا نەبووە، كە لە ماوەی كاتژمێر و نیوێكدا بڕیارێك كە دژی مادە دەستوورییەكان بێت دەربكرێت، بۆیە ئەو بڕیارانەی پەرلەمانی عێراق بەلای سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بڕیاری یاسایی نین".



ڕۆژی 1/10/2017 ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان كۆبووەوە، سەعدی پیرە، دەڵێت: "ئەجێندای گفتوگۆمان كراوەیە، گفتوگۆ لەسەر پەیامەكەی علی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق و ئەیاد عەلاوی، جێگری سەرۆكوەزیران كە داوای گفتوگۆیان كردبوو، دەكەین".



ئەندامەكەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، ئەوەشی خستە ڕوو: "نابێ بە هەڕەشەكانی عێراق و ئێران و توركیا چۆك دابدەین، چونكە كارەكانی ئێمە نایاسایی نین، پێویستە ئێمە هەوڵ بدەین لە ڕێگەی ئاشتیخوازانەوە بەرنامەكەی خۆمان جێبەجێ بكەین، لەبەر ئەوەی ئێمە لەسەر هەقین، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئەو وڵاتانە دەیانەوێت ستەممان لێ بكەن، بەڵام ستەم دەست و قاچی كورتە".




باسنيوز
Top