کەرەم: بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق ھیچ نرخێکی یاسایی و دەستوورییان نییە و جێبەجێ ناکرێن

کەرەم: بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق ھیچ نرخێکی یاسایی و دەستوورییان نییە و جێبەجێ ناکرێن
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی، بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق سیاسین و بەبێ کورد دراون، بۆیە با خەڵکی کوردستان باش بزانێت ئەو بڕیارانە جێبەجێ ناکرێن، چونکە تا ئێستا ھیچ بڕیارێکی پەرلەمان جێبەجێ نەکراوە.

(د. عەرەفات کەرەم) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ھەر بڕیارێک لە پەرلەمان بدرێت، پێویستە تەوافوقی لەسەر بێت، بۆیە ئەو بڕیارانەی ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراق دراون، بڕیاری سیاسین و دژی دەستووری عێراق و ھەرێمی کوردستانن و جەنگێکی دەرونییە دژی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، بۆیە تا ئێستا ھیچ بڕیارێکی پەرلەمان جێبەجێ نەکراون و ئەوانەش بە ھەمان شێوە جێبەجێ ناکرێن، چونکە ئەوان باس لە ڕادەستکردنی فڕۆکەخانەکانی ھەرێم دەکەن، کە یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەمە قبووڵ ناکەن، یان باس لە کونسووڵخانەکان دەکەن.''

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی: ''بەغدا ئەو ھەموو کێشەیە دروست دەکات لەبەر ئەوەی لە ھەڵبژاردنەکان نزیک بوونەتەوە. جگە لەوەش، لیستی دەوڵەتی قانوون فشار لەسەر سەرۆکوەزیران دروست دەکات، کە ڕێگری لە ھەرێمی کوردستان ناکات، ئەویش ناچار دەکەن ھەندێک بڕیار دەربکات.''

سەبارەت بە دیالۆگی نێوان هەولێر و بەغدایش دەڵێت: ''ئێمە دەرگای گفتوگۆمان دانەخستووە و بەردەوام بۆ گفتوگۆ ئامادەین، بۆ ئەوەی ببینە دوو دراوسێی زۆر باش بۆ یەکتری، بۆیە با بڕیارەکانی پەرلەمان خەڵکی کوردستان نەترسێنێت، چونکە ھیچ بەھایەکیان نییە و سیاسین و یاسایی و دەستووری نین.''

(کەرەم) ئاشکرای کرد: ''ئێمەش، وەکو فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەردەوامین لە بایکۆتکردن، بۆ ئەوەی بزانن ئەو بڕیارانە بەبێ کورد یاسایی نین و لەجێدا نین.''

(کەرەم) باسی لەوەش کرد: ''عەقڵییەتی ئێستای بەغدا، ھەمان عەقڵییەتی ڕژێمی بەعسە، چونکە پێشتر ڕژێمی بەعس شەڕی سیاسیی لەگەڵ ئێمە دەکرد، ئەمانە ئێستا لە ڕووی نەتەوەیی و ئایدیۆلۆژییەوە شەڕ لەگەڵ ئێمە دەکەن، بۆیە ئەوەی ئێستا ھەیە زۆرینەی عەرەبییە و دەیانەوێت ئیرادەی گەلی کورد بشکێنن، بەڵام کورد بڕیاری خۆی داوە و ئیتر پاشگەزبوونەوە نییە.''
kdp-
Top