ئەندامێکی سەركردایەتیی پارتی: سەرەنجام عێراق لەوە تێدەگات دراوسێتیی كوردستان لە دژایەتی گونجاوترە
عەلی عەونی، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەمبارەوە ڕاگەیاند: "دڵنیام عێراق دێتەوە سەرخۆی و تێدەگات كە دراوسێیەتی لەگەڵ دەوڵەتی كوردستان بۆ ئەوان باشترە، هەروەها ئەوانیش ئارام دەبن و ناچار نابن چیتر پارە بۆ كوردستان بنێرن و كوڕی خۆیان لەپێناو كۆنترۆڵكردنی میللەتێك كە نایەوێت لە چوارچێوەی عێراقدا بێت، بە كوشت بدەن"
ئەو سەركردەیەی پارتی، بە پێویستی دەزانێت، ئەو بەرەیەی كە تا ئێستا دوودڵ بوون و دڵەڕوكێیان لەناو خەڵک بڵاو دەكردەوە و دەیانگوت بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دونیا خراپ دەبێت، ئەوە بۆیان سەلمێندرا كە ئەگەر كورد یەكدەنگ و یەكدەست بێت و وڵاتان ناتوانن هیچ بكەن، بۆیە پێویستە بێنە بەرەی (بەڵێ) و لێرە بەدواوە بە یەكدەنگ هەنگاو بنێین و بجوڵێینەوە".
عەلی عەونی ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات: "ئەو ناوچانەی كوردستان كە تا ئێستا بەدەست حكوومەتی عێراقەوەن، پێویستە پاشەكشەیان تێدا بكات".
لەبارەی ئەو بڕیارەی دوێنێی پەرلەمانی عێراق، عەلی عەونی دەڵێت: "بە ئاسایی وەری دەگرم، چونكە ئێمە دەوڵەتمان دەوێت، عێراقیش ئیتر دەبێت لەو هەڕەشە و ئیهانانە واز بێنێت و بە ئارامی گفتوگۆ و بڕیار بدەن".
باسنيوز
