سەندیکای پارێزەرانی کوردستان پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی هەڵدەپەسێرێت
سەندیکای پارێزەرانی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا هۆکاری ئەو بڕیارەی بۆ بەیاننامەیەکی سەندیکای پارێزەرانی عێراق گێڕاوەتەوە، کە بەیاننامەیەکی ”دوژمنکارانە“ بوو دژی گەلی کوردستان.
هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، سەندیکای پارێزەرانی کوردستان چاوەڕێی ئەوەی لە هاوتا عێراقییەکەی دەکرد، کە پەرلەمان و حکوومەتی عێراقی لە پێشێلکارییە دەستووریی و یاساییەکانی دژ بە هەرێمی کوردستان ئاگادار بکەنەوە نەک داوای یاسایی لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان تۆمار بکەن بەهۆی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە.
وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو بەیاننامەیەی سەندیکای پارێزەرانی عێراق، بەختیار حەیدەر، نەقیبی پارێزەرانی کوردستان بڕیاری داوە، تا ئەو کاتەی ئەنجومەنی سەندیکا کۆ دەبێتەوە و ”بڕیاری پێویست“ دەدات، هەموو پەیوەندییەکانی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان بە سەندیکای پارێزەرانی عێراق هەڵپەسێرێت.
هەروەک لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیاردرا، بڕیارە رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە هەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت.
باسنيوز
