ئاهەنگی کوردستانییانی سەربەخۆخوازی سوید دەستی پێ کرد
ئاهەنگەکە، کە فیدڕاسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان رێکی خستووە، لە کاتژمێر 13:00ـی دوای نیوەڕۆی رۆژی شەممە 16/9/2017 (بە کاتی ستۆکهۆڵم) لە گۆڕەپانی (Stockholm medborgarplatsen) لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی ئەو وڵاتە، دەستی پێ کرد.
هەزاران هاووڵاتیی کوردستانیی دانیشتووی شارەکانی سوید و وڵاتانی دیکەی ئەسکەندەناڤا، بەشدارییان لەو ئاهەنگە جەماوەرییەدا کردووە و بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان، پشتگیریی خۆیان بۆ سەربەخۆبوونی هەرێمی کوردستانی عێراق راگەیاندووە.
هەریەکە لە هونەرمەندان شڤان پەروەر، ناسر رەزازی، جوان حاجۆ، نارین فەقێ، شنۆ ئەحمەدی، دلیار و سوزانا بارمانی، محەمەد تەها ئاکرەیی، حەسەن شەریف بەشداریی ئاهەنگەکە دەکەن.
هەروەک لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیاردرا، بڕیارە رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە هەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت.
باسنيوز
