بڵێسە جەبار فەرمان: ناکرێ هیچ لایەنێک لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان لۆمەی یەکێتی بکات
بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، لە پەراوێزی دیداری دیموکارسی و مافی چارەی خۆنووسین کە ئێستا لە شاری سلێمانی بەڕێوە دەچێت، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، بە کارێکی گرنگ و ھەنگاوێکی باش دەزانم، چونکە پەکخستنی پەرلەمان بۆ خۆی کەرێکی نایاسایی بووە، ئێستاش کاتێک کارا کراوەتەوە، ئەرکێکی نیشتمانی و ھەنگاوێکی گرنگە، چونکە کاری سەرەکیی پەرلەمان چودێری کردنی کارەکانی حکوومەت و دەرکردنی یاسای گرنگە“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئەگەر ھەموو حزب و لایەنە سیاسییەکان بەشدارییان لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بکردایە، ”کارێکی باشتر دەبوو“، چونکە ”ھەموومان کاری جددیمان دەکرد بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە خەبات و تێکۆشان بۆ جێبەجێکردنی خواستەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکەین“.
بڵێسە جەبار فەرمان دووپاتی کردەوە کە یەکێتی بەشدارییەکی جددی لە کاراکردنەوەی پەرلەماندا کردووە و ڕای گەیاند: ”یەکێتی خاوەنی بڕیاردانی سیاسیی خۆیەتی، بۆیە ناکرێ ھیچ لایەنێکی سیاسی لۆمەی یەکێتی بکات“.
ڕۆژی هەینی 15ی ئەیلوولی 2017، کۆتایی بە هەوڵەکانی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان هات و یەکەمین دانیشتنی پەرلەمان بە ئامادەبوونی زۆرینەی پەرلەمانتاران بەڕێوە چوو کە تێیدا جەعفەر ئێمنکی وەک سەرۆکی پەرلەمان و بێگەرد تاڵەبانیش وەک سکرتێری پەرلەمان بە شێوەیەکی کاتی هەڵبژێردران. هاوکات بڕیاریش درا لە 25ی ئەیلوولدا ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان بکرێت.
باسنیوز
