چاودێرێكی سیاسی: نابێ بە هیچ شێوەیەك ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی دوا بخرێت

 چاودێرێكی سیاسی: نابێ بە هیچ شێوەیەك ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی دوا بخرێت
چاودێرێكی سیاسیی کورد لە واشنتۆن ڕای دەگەیەنێت، بە هیچ شێوەیەك نابێ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستانی عێراق دوا بخرێت، چونكە زیانێكی گەورەی بۆ گەلی كوردستان دەبێت.



د. ئاوات عەلیار، چاودێری سیاسیی کورد لە واشنتۆنی ئەمریكا، ڕاگەیاند: "بە هیچ شێوەیەك نابێ وادەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەریمی كوردستانی عێراق دوا یان پەك بخرێت، چونكە ئەوە پێگەی كورد و حزبە سیاسییەكانی كوردستان دەشكێنێت، ئەگەر بێت و پێش وادەی ڕیفراندۆم پاشگەز ببینەوە، ئەوا لەوە بەدواوە دوژمن قسە و وتاری ڕێبەرانی سیاسیی كورد بە جدی وەرناگرن".



د. ئاوات عەلیار ڕوونیشی كردەوە: "كە هەرێمی كوردستان پێویستە ڕیفراندۆم لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدات، بە گوێرەی دەرەنجامی ڕیفراندۆمیش لەگەڵ بەغدا بۆ گەیشتن بە ڕیككەوتن گفتوگۆ بكات".



ئەو چاودێرە سیاسییە دەشڵێت: "دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی دەبێت هەرێمی كوردستان گفتوگۆی جدی لەگەڵ ئەمریكا، بەریتانیا و نەتەوە یەكگرتووەكاندا بكات، بۆ ئەوەی مەبەستی خۆی بۆ ئەوان ڕوون بكاتەوە، بۆ ئەوەش نوێنەرانی كوردستان دەبێ سەردانی هەموو وڵاتانی جیهان بكەن و هەڵوێستی گەلی كوردستان بە ڕەسمی بەوان ڕابگەیەنن، چونكە ئەم پرسە پرسێکی دیپلۆماسییە".



ڕۆژی پێنجشەممە 14/9/2017 شاندی هاوپەیمانان بەمەبەستی خستنەڕووی بەدیلێك لە جێگای ڕیفراندۆم، لە شاری دهۆك لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە.




باسنیوز
Top