چاودێرێكی سیاسی: نابێ بە هیچ شێوەیەك ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی دوا بخرێت
د. ئاوات عەلیار، چاودێری سیاسیی کورد لە واشنتۆنی ئەمریكا، ڕاگەیاند: "بە هیچ شێوەیەك نابێ وادەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەریمی كوردستانی عێراق دوا یان پەك بخرێت، چونكە ئەوە پێگەی كورد و حزبە سیاسییەكانی كوردستان دەشكێنێت، ئەگەر بێت و پێش وادەی ڕیفراندۆم پاشگەز ببینەوە، ئەوا لەوە بەدواوە دوژمن قسە و وتاری ڕێبەرانی سیاسیی كورد بە جدی وەرناگرن".
د. ئاوات عەلیار ڕوونیشی كردەوە: "كە هەرێمی كوردستان پێویستە ڕیفراندۆم لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدات، بە گوێرەی دەرەنجامی ڕیفراندۆمیش لەگەڵ بەغدا بۆ گەیشتن بە ڕیككەوتن گفتوگۆ بكات".
ئەو چاودێرە سیاسییە دەشڵێت: "دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی دەبێت هەرێمی كوردستان گفتوگۆی جدی لەگەڵ ئەمریكا، بەریتانیا و نەتەوە یەكگرتووەكاندا بكات، بۆ ئەوەی مەبەستی خۆی بۆ ئەوان ڕوون بكاتەوە، بۆ ئەوەش نوێنەرانی كوردستان دەبێ سەردانی هەموو وڵاتانی جیهان بكەن و هەڵوێستی گەلی كوردستان بە ڕەسمی بەوان ڕابگەیەنن، چونكە ئەم پرسە پرسێکی دیپلۆماسییە".
ڕۆژی پێنجشەممە 14/9/2017 شاندی هاوپەیمانان بەمەبەستی خستنەڕووی بەدیلێك لە جێگای ڕیفراندۆم، لە شاری دهۆك لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە.
باسنیوز
